رواندز جامی خولی ناوەندەكانی دەرەوەی هەولێری بەرز كردەوە  

رواندز جامی خولی ناوەندەكانی دەرەوەی هەولێری بەرز كردەوە  

زاری كرمانجی-رواندز : هەفتەی رابردوو بەرێوەبەرایەتی لاوانی هەولێر – بەشی چالاكییەكان، خولێكی تۆپی پێ ی بۆ یاریزانانی تەمەن ( 13 بۆ 16 ) ساڵان، بۆ حەوت لە ناوەندەكانی وەرزشی دەرەوەی هەولێر لە یاریگەی گەردە گەردەی قەزای رواندز رێكخست، كە پێكهاتبوون لە ناوەندەكانی (رواندز، سۆران، سیدەكان، مێرگەسوور، هەریر، شەقڵاوە، كۆیە) .
لە كۆتایدا هەردوو تیپی ناوەندی وەرزشی رواندز و شەقڵاوە گەیشتنە یاری كۆتایی خولەكە، دوێنی ئێوارە 27 / 8  لە یارییەكی ئاگریندا هەردوولا بە دوو گۆڵ یەكسان بوون، دواتر بۆ یەكلاكردنەوەی یارییەكە پەنا برایە بەر سزا لێدان و ناوەندی وەرزشی رواندز 8 بە 7 گۆڵ سەركەوت بە سەر ناوەندی وەزرشی شەقڵاوە و جامی خولەكەی بەرز كردووە.
حیلمی شێركۆ بەرپرسی ناوەندی وەرزشی رواندز لەسەر بەرێوەچوونی خولەكە بە زاری كرمانجی راگەیاند"ساڵانە بەرێوەبەرایەتی لاوانی هەولێر – بەشی چالاكییەكان، خولێكی لەم شێوەیە بۆ تەواوی ناوەندەكانی ژێر دەسەڵاتی خۆی دەكاتەوە بۆ یاریزانانی تەمەن 13 بۆ 16 ساڵان، بە مەبەستی هەڵسەنگاندنی ئاست و توانای فێربوونی یاریزانان و دیاركردنیان و چالاكی ناوەندەكان، بە هۆی شەری داعش و دواتر ڤایرۆسی كۆرونا، خولەكە ماوەی چەند ساڵێك بوو نەدەكرا، بەڵام ئەمساڵ ئەنجامدرا و توانیمان لەسەر ئاستی 6 ناوەندی تری دەرەوەی هەولێر سەربكەوین و جامی خولەكە بەرز بكەینەوە"،
خولەكە لەلایەن دەستەی ناوبژیوانانی لیژنەی تیپە میللیەكانی رواندز بە شێوەیەكی سەركەوتووانە بەرێوەدەبرا، بۆیە بەرپرسی ناوەندی رواندز سوپاسی هەموو ئەوانە دەكات كە بوونە هۆكار سەركەوتنی خولەكە لە شاری رواندز. 
فەرهاد ساڵح راهێنەری تیپی ناوەندی وەرزشی رواندز، لە رێگەی زاری كرمانجی یەوە ئەو سەركەوتنەیان پێشكەش بە تەواوی هاوشارییانی دەكات و دەڵێ‌"ئاست و توانا و لێهاتوویی یاریزانە بچووكەكانمان پێمان دەڵێن ئایندەی وەرزش لە شارەكەدا گەشاوە تر دەبێ"،
فەرهاد سوپاسی بەرپرسی ناوەندەكەیان دەكات كە ماندووبووە لەگەڵیان و ئەوەش دەڵی"ئێمە لەسەرەتای دەستپێكردنی پاڵەوانیەتەكە زۆر بەجوانی خۆمان ئامادەكردبوو، ڕۆژانە مەشق و ڕاهێنانمان ئەنجام ئەدا بۆ ئەوەی بتوانین مێژوویەك بۆ شارەكەمان تۆمار بكەین و دڵی هاندەرانمان خۆش بكەین، بۆیە ئەو خەونەشمان كردە راستی و لەگەڵ كاك حكیم گۆران توانیمان تیپێكی زۆر تۆكمەو بەهێز درووست بكەین و جامی خولەكە بەرز بكەینەوە".

 

 

 

 

 

زۆرترین بینراو