بەهۆی نەشتەرگەری دێمبلی 4 مانگ دوور دەكەوێتەوە 

بەهۆی نەشتەرگەری دێمبلی 4 مانگ دوور دەكەوێتەوە 

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی، لە بەیاننامەیەكی فەرمیدا رایگەیاند، عوسمان دێمبێلیی یاریزانی فەڕەنسی یانەكەیان نەشتەرگەری بۆ دەكرێت. 
دوای ئەوەی دوێنێ لە بەرشەلۆنە هەموو پشكنینە پزیشكییە پێویستەكان بۆ دێمبێلی كران، یانەی بەرشەلۆنە لەسەر بارودۆخی پێكانەكەی عوسمانەوە بەیاننامەیەكی دەركردو دووپاتیكردەوە كە پێویستە بە زووترین كات نەشتەرگەری بۆ دێمبێلی ئەنجام بدرێت.
بەپێی بەیاننامە فەرمییەكەی بەرشەلۆنە، پشكنینە پزیشكییەكان كە بەیانی دوێنێ بۆ عوسمان كران، دەریانخستووە كە پێكانی یاریزانەكە لە ئەژنۆی راستیدا، پێویستی بە نەشتەرگەری خێرا هەیە.
یەكێتی تۆپی پێی فەڕەنسا دووشەممەی رابردوو رایگەیاند، عوسمان دێمبێلی لە یاری بەرامبەر هەنگاریا لە یۆرۆی 2020 دا تووشی پێكان بووە، كە لەو یارییەدا تەنیا 30 خولەك یاری كردو بە ناچاری یاریگەی جێهێشت.
عوسمان دێمبێلی، یەكێكە لەو یاریزانانەی زۆر تووشی پێكان دەبێت، ئەو ئەم وەرزە 44 یاری بۆ بەرشەلۆنە كردووە لەژێر سەرپەرشتی رۆناڵد كۆمانی راهێنەری هۆڵەندی و 11 گۆڵیشی تۆمار كردووە.
یاریزانی فەڕەنسی بەگشتی 118 یاری بۆ بەرشە كردووەو لە 86 یاریشدا بەهۆی پێكانەوە نەیتوانیوە بەشداری بكات.
هەندێك لە سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن كە عوسمان دێمبێلی بەلای كەمەوە 4 مانگ لە یاریگەكان دووردەكەوێتەوە، تەنانەت هەندێكیان دەڵێن تا مانگی یەكی ساڵی 2022 ناگەڕێتەوە، واتا تاوەكو نیوەی وەرزی داهاتوو ناتوانێ یاری بكاتەوە.

زۆرترین بینراو