پارتی دەیەوێت شەڕ بكات یا شەڕ لە خۆی دوور بخاتەوە؟

ئیسماعیل ئیبراهیم

لە تەواوی مێژووی خۆی تا بە ئێستاشەوە پارتی دیموكراتی كوردستان حەزی شەڕی نەبووە، نەك لەگەڵ هێزە كوردییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان، هەتا لەگەڵ داگیركەرانیش ویستی شەڕی نەبووە، بەڵكو بڕوای تەواوی بە دیاڵۆگ و چارەسەر كردنی كێشەكان هەبووە لە رێگەی گفتووگۆوە، بۆ چارەسەری كێشە نەتەوەی كورد لە باشوور تا توانیبێتی رێگەی ئاشتی گرتۆتەبەر، ئەوەشی شەڕی پێفڕۆشتووە هێزی داگیركەری عێراق بووە.
هەروەك چۆن هەوڵیشی داوە كێشەی كورد لە باقی بەشەكانی دیكەی كوردستان لە رێگەی دیاڵۆگەوە چارەسەر بكرێن و مافە رەواكانی نەتەوەی كورد بە ئاشتی دەستەبەر بكات، نموونەی هەڕە زیندووی نزیكی ئەم هەوڵەی پارتیش ئەو كاتە بوو كە جەنابی سەرۆك بارزانی چووە باكوور و دواتریش چووە لای دەستەڵاتدارانی توركیا تا مافەكانی نەتەوەی كورد دەستەبەر بكرێن و پرۆسەی ئاشتی لە توركیا كەوتە واری جێبەجێ كردن و بۆ یەكەمجار كورد لە باكوور بوونە خاوەن 81 كورسی، كە ئەمە سەرەتای هەنگاوەكە بوو، دواتریش ئازاد كردنی ئۆجەلان و چوونەوەی هێزەكانی پەكەكە بۆ توركیا و كۆمەڵێك پلانی دیكە بۆ ئاشتەوایی لە باكوور و گەشە پێدانی گشت جومگەكانی باكوور لە بەرنامە دابوون، بەڵام زۆر بە خێرایی پەكەكە لە بەڵێنەكانی پاشگەز بوویەوە و پلانی پرۆسەی ئاشتییان لەگۆڕ نا، بەمەش تەواوی نەتەوەی كورد لەسەرووی هەمووشیانەوە باكوور زیانێكی جەرگ بەڕیان بەركەوت، هەموو سەرۆك شارەوانییەكانیان لێ سەندرایەوە، هەزاران چالاكوانی سیاسی خرانە كونجی زیندانەوە، هێرش كرد بۆ سەر پەكەكە دەستی پێ كردەوە، ئەنجامەكەشی دەبینین چی لێهاتووە.
پارتی بەمەش كۆڵی نەدا، لە دهۆك چەندین كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە كوردییەكانی رۆژئاوا ئەنجامدا، كە كار گەیشتە سەر جێبەجێ كردنی بەندەكانی ناو رێككەوتنەكە دیسانەوە  پەكەكە تەداخولی كرد و پڕۆسەی ئاشتی لەوێش لەگۆڕنا، توركیا لەوێش گورزشی خۆی وەشاند و عەفرین و سەركانێ و گردی سپی و كۆبانی داگیر كرد و عەرەبی داعشی لەوێ نیشتەجێ كرد.
بە پێی زانیارییەكانی من بەر لەوەی هێزەكانی توركیا یەكەم هێرشی زەمینی بۆ سەر پەكەكە لە باشوور ئەنجام بدەن، پارتی داوای لێكردن كە هێ.ەكانیان لە هێڵی تەماسی نێوان پەكەكە و سەرسنوور لەگەڵ هێزەكانی توركیا بۆ پاسەوانانی سەرسنوور چۆڵ بكەن تا بیانوو نەدرێتە دەست توركیا هێزی خۆی نەهێنێت و بارەگا لەو شوێنانە دانەنێت، پەكەكە ئەویشی نەكرد، ئەنجامەكەشی ئەوەیە كە دەبینین توركیا كە زڵهێزی ناوچەكەیە و خاوەن دەیەم هێزە لەسەر ئاستی جیهان و دووهەم هێزە لە ناتۆ هاتە نێو خاكی باشووری كوردستان و بە زەبری هێز ئەو شوێنانەی بە پەكەكە چۆڵكرد و بنكە و بارەگای لێ دامەزراند، ئەردۆغانیش گووتی لەهەر شوێنێك سەربازێكی توركیا بكوژرێت ئەوێ خاكی توركیایە.
 پارتی دیموكراتی كوردستان نە دەتوانێت رێگری لە هاتنی هێزی توركیا بكات، نە دەشتوانێ هێزەكانی پەكەكە دەربكات، بەتایبەتی كە رێككەوتنێكی ژێربەژێر لە لایەن توركیە و ئێران و عێراق هەیە بۆ نەهێشتنی كیانی سیاسی كورد و دواتریش لاواز كردنی بزووتنەوەی رزگاری خوازی نەتەوەی كورد لە هەر چوار پارچە تا ئەندازەی نەهێشتنی بزووتنەوەكە.
جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی چەندین جار فەرموویەتی" نابێ خوێن كورد بەدەستی كورد برژێت" ئەی ئەمە نیەتی بەرزی كوردایەتی نییە؟.
پەكەكە لەو ماوەیەی لە باشووری كوردستان بنكە و بارەگاكانیان داناوەن جگە لە شەڕ فرۆشتن بە هەرێمی كوردستان و زیان گەیاندن بەم كیانمە چی دیكەیان هەبووە، سەرانەیان لەخەڵك مەڕدار و جوتیار سەندووە، گمروگیان داناوە، منداڵی تەمەن خوار 14 ساڵەیان بردووە و چیتر نەهاتۆتە، بوونەتە هۆكاری چۆڵ بوونی زیاتر لە 500 گوند، دەیان هاووڵاتی سڤیل بوونەتە قوربانی، زیانێكی زۆری ماددیان لە گوندەكان داوە.
ئەندام و لایەنگیرانیان هان دەدەن لە خۆپیشاندانەكان ئاژاوە بنێنەوە، داوای ئازادی رادەربرین دەكەن لە باشوور، بەڵام لە باكوور و رۆژئاوا هیچ لایەنێكی سیاسی بۆی نییە قسە بكات، دەیان جۆر ئالایان هێناوەتە كوردستان، بە وێنەی ئۆجەڵانەوەن بەڵام ئاڵای كوردستانیان لە رۆژئاوا و باكوور سووتاند، خێرە دەبێ لە باشوور قبوڵی ئەو هەموو ئاڵایەی ئەوان بكرێت، بەڵام ئەوان یەك ئاڵایان قبوڵ نییە؟
ئەمە بۆ؟، ئایا ئەم كارانە و هەزاران كاری دیكە خزمەتی دۆزی نەتەوەی كورد دەكات، بێ گومان نەخێر.
ئەی پەكەكە چی دەوێت، نە لە پڕۆسەی ئاشتی باكوور بەشدار دەبێ، نە رەچاوی دۆخی باشوور و رۆژئاوا دەكەی، نە گوند ئاواییەكانی باشوور چۆڵ دەكەی، نە دەستبەرداری منداڵانی باشوور دەبێن نە رێگە دەدەی هیچ هێز و لایەنێكی دیكە لە گۆڕەپان بوونیان هەبێت، ناتوانی بەرگری لە بنكەكانت بكەی و رۆژ بەرۆژی بۆ هێزە داگیركەرەكان چۆڵیان دەكەی و شەرعییەت دەدەیە لەشكر كێشی توركیا، ئەمە لە كوێی خەباتی سیاسی و نەتەوەیی جێگەی دەبێتەوە.
هێشتاش كات ماوە ئەگەر چی زۆر درەنگە، بەڵام پێویستە پەكەكە خێرا بە سیاسەتی هەڵەی خۆی دابچێتەوە، چونكە بەم سیاسەتیان تەنها سوود بە داگیركەران دەگەینن.
پارتی هەرگیز ئامادە نییە شەڕ لەگەڵ پەكەكە و هیچ هێزێكی كورد بكاتن بەتایبەتی لەم دۆخە هەستیارەی لە رووی ئابووری و دیپلۆماسی كە باشوور تێیدا گوزەر دەكات.
پارتی هەرگیز بەرەی شەر ناكاتەوە، بۆیە باشترە پەكەكە لە كەری دێز بێتە خوارەوە و بە دیاڵۆگ و ژیرانە ئەم كێشەیە كۆتایی پێ بێنێت و نەبێتە هۆی لە دەستدانی كیانی سیاسی هەرێمی كوردستان.

 

زۆرترین بینراو