وەرزش سیمای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جوانتر دەكات

وەرزش سیمای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جوانتر دەكات

ئا: سۆمان ئیسماعیل 

كاكە جەعفەر، ساڵی 1990 لە گوندی بالەكیانی سنووری قەزای سۆران  لەدایكبووە، ئەو یەكێكە لە یاریزانە بە تواناكانی یانەی وەرزشی سۆران بووە، بە تایبەتی لە ساڵەكانی 2006تا 2010، دواتریش یاری بۆ یانەی هەڵۆ كردووە، ئەو وەك یاریزانێكی چالاك و خاوەن تەكتیك لە ناو یاریگا دەردەكەوت و هەمیشە یاریزانێكی كاریگەر بووە، بەجۆرێك تیپی بەرامبەر هەمیشە حیسابێكی تایبەتیان بۆ دەكرد.
ئەو هەر چەندە لە منداڵییەوە خولیا و حەزی وەرزشی هەبووە بەتایبەتی بۆ تۆپی پێ، بەڵام لە دوای یارییەكی بەهێزدا ناچار دەبێ واز لە یاری كردن بهێنێت، وەك خۆی گووتی " بە هۆی پێكانێكی سەخت لە ئەژنۆم، ناچاربووم وەك یاریزان بە یەكجارەكی دەست بەرداری ایری كردن ببم، ئەمەش بۆ من زۆر ئەستەم بوو، لەبەر ئەوەی تۆپی پێ لەگەڵ خوێنم تێكەڵ بووە و جۆرێك لە خوو پێوەگرتنم هەبوو و نەمدەتوانی لێی جیا ببمەوە".
كاكە جەعفەر، هەر چەندە بەم پێكانەوە ناچار دەبێت لە حەزە وەرزشییەكانی دوور كەوێتەوە، بەڵام حەزی بۆ تۆپێ وای لێدەكات، بە شێوەیەكی دیكە دەست بە وەرزشكردن بكات، بۆیە بیر لە دامەزراندنی تیپێكی تۆپی دەدات و دەبێتە سەرپەرشتیان، ئەو لەمبارەیەوە گووتی" نەمتوانی بڕیاری جیابوونەوە بدەم لەگەڵ تۆپی پێ، بۆیە بیرم كردەوە كە كۆمەڵە گەنجێك ئامادە بكەم و خۆم سەرپەرشتی و راهێنەرایەتی ئەم گەنج و لاوانە بگرمە ئەستۆ، توانیم لە ساڵی 2012 تیپێكی بەهێز پێك بهێنم و لە ماوەیەكی كەمدا توانیم تیپەكەم ئەوەندە گەشە پێ بدەم تا بووە یەكێك لە تیپە دیارەكان و ركابەرایەتی و پێشبكركێی تیپە بەهێزەكانی سۆران و دەورووبەری بكات، لەو كاتەوە هەوڵی بەدەستهێنانی نازناوەكانماندا لەگەڵ تیپەكەم و تا ئێستاش بەردەوامم لە ئەركی راهێنەرایەتی تیپەكەم".
ئەو راهێنەرە لە بارەی ئەركی یاریزان و راهێنەر دەڵێت" هەڵبەت ئەركی راهێنەرایەتی ئەركێكی قورسە و پێویستی بە ئەزموون و شارەزایەكی ئەكادیمی و پلان بۆ دارێژراو هەیە، بە بڕوای من لە كوردستان بەهۆی كەمی كردنەوەی خولی بەهێز كردنی راهێنەر و سەرپەرشتیارانی تیپەكان لەلایەن لیژنەی ئۆلۆمپی لە سەرجەم شارو شارۆچكەكانی هۆكاری سەرەكییە بۆ كەم ئەزموونی راهێنەرانی یانەكان بەگشتی و تیپە میللییەكان بەتایبەتی".
سەرپەرشتیاری تیپی هەڵۆ زیاتر دواو گووتی" ئێستا تیپەكەمان لە خولی نایابی تیپە میللییەكانی سۆران بەشدارە، خاوەنی ناز ناوی خولی پلە نایابی پار ساڵە و لە ئاستێكی بەرزی تیپەكانە و ركابەرایەتی نازناوەكان دەكات و سەبارەت بە ركابەری تیپی هەڵۆ، زۆربەی تیپەكانی سۆران بەتایبەت تیپە نایابەكانی سەر بەلیژنەی   تیپە میللییەكانی سۆران ركابەرییەكی بەهێزن بۆ هەڵۆ و ئاستی تیپەكانیش لە یەكترەوە نزیكن ناتوانم تیپێك هەڵبژێرم كە بە ركابەری سەرەكی خۆمانی بزانم".
كێشەیەك كە بەرۆكی زۆربەی تیپەكانی گرتووە، نەبوونی ئیمكانیاتی ماددییە، كە زۆرجار كاریگەری لەسەر ئاستی تیپەكان دەكات، كاكە جەعفەری راهێنەر لەمبارەوە روونكردنەوەی دا و گووتی" 
زۆربەی هەرە زۆری تیپە میللییەكان كێشەی ماددیان هەیە و لەسەر حسابی خۆیان كارەكانی تیپەكانیان بەرێ دەكەن و هیچ پشتگیریەك و پاڵپشتییەكی ماددیان نییە، هەروەها كەمی یاریگا كە تەنها دوو یاریگای 11 یاریزانی هەیە و یەكێكیان تایبەتە بە یانەی سۆران و زۆربەی كاتەكان ناتواندرێت یاری تێدا ئەنجام بدرێت لەبەر ئەوەی تیپەكانی دەڤەری سۆران رێژەیان زۆرە و هەر ئەم رێژە زۆرەش وایكردووە هەندێ تیپ لە دوو هەفتە جارێك یاری بكەن، ئەمەش راستەوخۆ كاریگەری لەسەر ئاستی یاریزانان دەبێت".
لە بارەی دۆخی وەرزش دوای راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئەم راهێنەرە گووتی " وەرزش سیما و جوانییەكی تایبەتی هەیە بۆ خەڵكی ئەم سنوورە، دوای بە ئیدارە بوونی سۆران وەك تیپی هەڵۆی باڵەكیان داواكاریمان ئەوەیە گرنگی زیاتر بدرێت بە وەرزشی ئەم شارە، بەتایبەت تۆپی پێ چ لە رووی پاڵپشتی ماددی بێت یان دروستكردنی یاریگای زیاتر، هەروەها گرنگی بە بەئەكادیمی بوونی تیپەكان بدرێت لەرووی كردنەوەی خولی بەهێزكردنی راهێنەران و خولی بەهێزكردنی ناوبژیوانانی یارییەكان، كە هۆكاری بەرەوپێش چوون و هێمای گەشەسەندنی وەرزشن".

 

زۆرترین بینراو