یانەی سۆران بە نێو چەندین كێشە تێدەپەرێت

یانەی سۆران بە نێو چەندین كێشە تێدەپەرێت

ئومێد شەیدا - سۆران:
ئەژی جەلال شارەزا لە بواری وەرزش و راهێنەری رابردووی یانەی چۆمان، لەدیمانەیەكی تایبەتی زاری كرمانجی تیشك دەخاتە سەر گرفتەكانی وەرزش لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و پێی وایە ئاستی وەرزش لە دەڤەرەكە پێویستی بە گۆڕانكاری و پێداچوونەوەی زیاتر هەیە، تاكو دەكەوێتەوە سەر رێچكەی راستەقینەی خۆی و دەڵێ‌"هەموو جومگەیەك كۆمەڵێك رێ و شوێنی تایبەت بە خۆی هەیە، بۆ ئەوەی بتواندرێت بابەتە هەستیار و گرنگە پەیوەندارەكان بچەسپێندرێت، هەم لە رووی كارەكتەرەكانەوە، هەمیش لە رووی پێگەی جەماوەریان، یا لە بوارەكانی دیكەی ئابووری و تەكتیكی پێشكەوتن، ئەم بابەتەش بواری رۆشنبیرییە، رۆشنبیری یاریزان لە ئاست وەرزش و بنەماكانی بۆ ئەوەی زووتر لە راهێنان و تاكتیكەكان تێبگات و پابەندی یاسا و رێساكانی نێو گۆڕەپان بێت، رۆشنبیری سەرپرشتیارانی تیپ، رۆشنبیری راهێنەران لەسەر گۆڕانكارییەكان لە یاسا و تاكتیكەكان و راهێنان، رۆشنبیری بواری ئابووری و دۆزینەوەی سەرچاوەی داهات بۆ یانە یا تیپ، لەوانەش گرنگتر رۆشنبیری جەماوەرییە بۆ وەرزش، پێویستە هەموو لایەك هەوڵی بۆ بدەن، لەبەر ئەوەی ئەگەر ئاستی رۆشنبیری وەرزشی لە نێو جەماوەر بڵاوبوویەوە، كێشەكانی دیكە وردە وردە بەرەو نەمان دەچن، ئەوەی ئێستا هەیە ئاستی رۆشنبیری جەماوەری و باقی جومگەكانی دیكە وەكو پێویست نییە".
ئەژی جەلال ساڵانێك وەك یاریزانێكی بەتوانا و دواتریش وەك راهێنەر و ئێستاش وەك شارەزا لە بواری وەرزشی دەركەوتووە، لە بارەی یانەی وەرزشی سۆران دەڵێت"یانەی سۆران تاكە یانەی وەرزشییە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە خولی پلە نایابەكانی كوردستان یاری دەكات, یانەیەكە گرنگی و تایبەتی خۆی هەیە و خاوەن هاندەرێكی وەفادار و دڵسۆزە, بەڵام ئەم یانەیە لە ئاستی مامناوەند بۆ خراپ دایە, ئەوەش بۆ چەند هۆكارێك دەگەرێتەوە، هۆكاری هەرە سەرەكی كێشەی ماددییە, لەبەر ئەوەی هەر یانەیەك گەیشتە رێزبەندی پلە نایابەكان، پێویستە بودجەیەكی باشی لەژێر دەست بێت، بۆ ئیدارەدانی یانەكەی، تا خولەكە كۆتایی پێ دەهێنێت, بەڵام یانەی سۆران گرفتی ماددی زۆرە، دەتوانم بڵێم سەدا 80ی هۆكاری كێشەكانی یانەی سۆران بۆ دەستەی ئیداری دەگەرێتەوە، چونكە من نزیكەی 15 ساڵ یاریزانی یانەی سۆران بووم, چ لەرابردوو چ لەئێستاش، نەیانتوانی ئیدارەی تەواوی یانەكە بكەن",
ئەژی باس لە زۆری یاریزانانی ئاست بەرز دەكات لە دەڤەرەكەو دروستكردنەوەی هەڵبژاردەیەكی نوێ بە چارەسەری زۆربەی كێشەكانی نێو یانەكە دەزانێ و دەڵێ‌"لەسنووری ئیدارەی سۆران زۆر یاریزان هەن، بەڵام دەكرێت هەڵبژاردەیەكی نوێ دروست بكرێت، چونكە گرفتی زۆر سەیر لە یانەی سۆران بەدی دەكرێت، كاتێك هەندێك یاریزانی دەرەكی و راهێنەری دەرەكی دەبینین لە یانەی سۆران، راستەوخۆ بیرت بۆ ئەوە دەچێت كە یانەی سۆران هاوكاری ماددی بەدەستەوەیە, هەر كاتێكیش بینیت بە پێچەوانەیە ئەوا بیرت بۆ ئەوە دەچێت ئەو یانەیە لەو پەڕی قەیران دایە، مەبەستمە بلێم كاتێ دۆخی یانە باش بێت، پشت بە یاریزان و راهێنەری دەرەوە دەبەستێت، كە دۆخیشی خراپ بێت، پشت بە كارەكتەركانی ناوخۆ دەبەستێت". 
ئەم راهێنەرە بە چەند خاڵێك بۆچوونی خۆی لەسەر هەندێك بابەتی وەرزشی بەتایبەتی تۆپی پێ دەربڕی و گووتی"یانەی سۆران دەبێت لەسەر ئاستی لاوان تیپێكی بەهێز و تۆكمە دروست بكات، بۆ ئەوەی ساڵانە بتوانێت سوود لە چوار تا پێنج یاریزان وەربگرێت و لە پلەی نایاب یاریان پێ بكات، بۆیە چەند خاڵێك هەن لە تیپەكان بەگشتی لەم سنوورە كە پێویستە رەچاو بكرێن و كاریان لەسەر بكەن.
خاڵی یەكەم: تەواوی تیپە میللییەكان بەدوای بردنەوەن، هیچ یەكێك لە تیپە باش و خراپەكان نایانەوێت فێر بن بەڵكو بەدوای نازناو و بردنەوەی پاڵەوانیەتییەكانن. لەبەر ئەوەی وەرزش تەنها بردنەوە نییە، بەڵكو وەرگرتنی ئەزموونە لە بەردنەوە و دۆڕان، بۆ قۆناغەكانی داهاتووتر، ئەمەش كاریگەری دەكاتە سەر ئاستی بیركردنەوەی یاریزانان و راهێنەران بۆ تاكتیكی نوێ و بە ئەكادیمی كردنی یاری. 
خاڵی دووەم : لیژنەی تیپە میللییەكان هیچ كەمتەرخەمیان نەبووە لە چالاكییەكان، بەڵام گرفتیشیان هەیە،  پێویستە گرفتەكانیان بە زووی چارەسەر بكرێت، هەوڵی جددی بدرێت كە لە ئاستی باڵا كاری باشتر و جوانتر بكەن، هەم بۆ یانەكە هەمیش بۆ تیپە میللییەكان، چونكە دواجار یاریزانی بەتوانا لە تیپە میللییەكانەوە سەرهەڵدەدەن و ئەوێ یەكەم قۆناغی فێربوونیانە".

 

زۆرترین بینراو