ڤاران چووە مانچستەرو رانەگەیاندراوە

ڤاران چووە مانچستەرو رانەگەیاندراوە

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: گرێبەستی گواستنەوەی رافایێل ڤاران، بەرگریكاری فەڕەنسی و یانەی ریال مەدرید بۆ یانەی مانچێستەر یونایتد تەواوبووە، بەڵام تا ئێستا بەشێوەیەكی فەرمی رانەگەیێندراوە.
بەپێی هەواڵی میدیای بەریتانیا، یاریزانە 28 ساڵەكە گرێبەستەكەی لەگەڵ ریال مەدرید لە هاوینی 2022 كۆتایی دێت، بەڵام ئامادە نەبوو گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەكە نوێ بكاتەوەو بڕیارییدا لە لۆس بلانكۆس بڕوات.
سەرچاوەكان بەتەواوی رۆیشتنی ڤارانیان بۆ یانە ئینگلیزییەكە یەكلاكردۆتەوەو ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، یاریزانەكە بەرامبەر 50 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە مانچێستەر یونایتدەوە دەكات.
بەهۆی رێكارەكانی خۆ پارێزی لە ڤایرۆسی كۆڕۆنا و ئەو رێكارانەی بەریتانیا دەیگرێتەبەر یاریزانەكە تا ئێستا نەناسێندراوە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت لەم هەفتەیەدا پشكنینی پزیشكی بۆ یاریزانەكە بكرێت و دواتریش وەك یاریزانی یانەكە بە میدیاكان بناسێندرێت.
ریال مەدرید بە فرۆشتنی ڤاران پارەیەكی باشی دێتە دەست بۆ ئەوەی هەواڵی گواستنەوەی یاریزانی نوێ بدات، بەتایبەت كە تا ئێستا جگە لە دەیڤد ئالابا هیچ یاریزانێكی نەگواستەوەتەوە، ئەویشیان بەشێوەیەكی بێبەرامبەر بردووە.
رۆیشتنی ڤاران لە ریال مەدرید كێشەی زۆر رووبەڕووی ئەنچیلۆتی دەكاتەوە لە دڵی بەرگری یانەكەدا، بەتایبەت كە سێرخیۆ رامۆسیش لە یانەكە رۆیشتووە.
گواستنەوەی ڤاران بۆ مانچێستەر یونایتد لەكاتێكدایە چەند رۆژێك لەمەوبەر یانەكە، گواستنەوەی جادۆن سانچۆ، ئەستێرەی ئینگلیزی و یانەی بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانیشی بۆ یانەكەی راگەیاند.

زۆرترین بینراو