گرفتی چەند ساڵەیی شوفێران چارەسەر دەكرێت

گرفتی چەند ساڵەیی شوفێران چارەسەر دەكرێت

موڕشید برادۆستی – سیدەكان: لە سەنتەری ناحیەی سیدەكانی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دوو پڕۆژەی رێگاوبان كەوتوونەتە واری جێبەجێ كردن، بە تەواوبوونییان ئاسانكاری باشی هاتووچۆ بۆ شوفێران و هاووڵاتییانی دەڤەرەكە دروست دەبێت .
هەردوو گەڕەكی گوڵان و فەرمانبەرانی سیدەكان، ماوەی چەندین ساڵە كاری نۆژەن كردنەوەیان بۆ نەكرابوو، شوفێران لە وەرزەكانی هاوین و زستان گرفتی هاتووچۆیان بەهۆی خراپی رێگە بۆ دروست دەبوو، ئەمە لە كاتێكدایە بەشی زۆری دانیشتووانانی سەنتەری سیدەكان لەو دوو گەڕەكە نیشتەجێن و رێگەكان زۆرترین هاتووچۆییان لەسەرە . 
هۆشمەند لاوە پیشەی دووكاندارە و یەكێكە لەدانیشتوانی ئەو گەڕەكە بە زاری كرمانجی گووت" كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەتەمەنێكی كەمدا توانیوەتی خزمەتێكی زۆر بە شار و شارۆچكەكان بكات، ماوەیەكی زۆرە بە دەست رێگەی ئەو دووگەڕەكە گرفتی هاتووچۆمان بۆ دروست ببوو، بەردەوام دوكانەكانمان بەهۆی خراپی رێگا پڕ دەبوو لە تۆز و خۆڵ، خۆشبەختانە حكومەت رەزامەندی دەربڕی و لە ئێستەدا خەریكی چاككردنن . 
ئەو هاووڵاتییە داواشی لە لایەنی پەیوەندی دارەكانی سیدەكان كرد، پێویستە بە بەردەوامی چاودێری پڕۆژەكان بكرێت تا بە باشترین شێوە كارەكان ئەنجام بدرێت، دووپاتی كردەوە، رێگەی گەڕەكی فەرمانبەرانی سیدەكان چەند ساڵێك بەرلە ئێستە لە لایەن یەكێك لە كۆمپانیا و بەڵیندەرەكان كاری كۆنكرێت كردنی بۆ كرا، بەڵام بەهۆی خراپی كارەكە لە ماوەیەكی زۆر كەمدا كۆنكرێتەكە تێكچوو هەمووی بووە تاسە و قۆڕت.
 عەبدولقادر ئەكڕەم سەرۆكی شارەوانی سیدەكان بە زاری كرمانجی گووت" ماوەی چەند رۆژێكە دەست بە نۆژەن كردن و قیڕتاو كردنی هەردوو گەڕەكی فەرمانبەران و گوڵان كراوە لە سنووری شارەوانییمان، چاككردن و قیڕتاوكردنی رێگەی ئەو دوو گەڕەكە، لە سەر بوددجەی داهاتی گشتی شارەوانییەكان و بوددجەی پەرەپێدانی پارێزگەی هەولێر بە گوژمەی " 263 " ملیۆن دینار، چوونەتە واری جێبەجێ كردن، و دەست بە كارەكان كراوە و لە داهاتووەكی نزیك قیڕ دەكرێن .
دووپاتی كردەوە" بەشێوەیەكی گشتی سەرجەم گەڕەك و كۆڵانەكانی سیدەكان پێویستییان بە قیڕتاو كردن و نۆژەن كردنەوە هەیە، لە قۆناغی یەكەمدا، هەردوو گەڕەكی فەرمانبەران و گوڵان، كە هاتووچۆی زۆریان لەسەرە و ماوەی چەند ساڵێكە كاری چاككردنەوە و نۆژەن كردنەوەیان بۆ نەكراوە و گرفتی زۆر لە ڕێگە و شەقامەكەدا هەیە بە قیڕتاوكردن ئاسانكاری باش بۆ شوفێران دروست دەبێت ".
لای خۆیەوە، ئیحسان چەلەبی بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان بە زاری كرمانجی راگەیاند"  دووای هەوڵێكی زۆر خۆشبەختانە توانرا رەزامەندی دارایی وەربگرین بۆ جێبەجێ كردنی دوو پڕۆژەی قیڕتاوكردنی شەقامە نێو خۆیەكانی هەردوو گەڕەكی فەرمانبەران و گوڵانی سیدەكان، پڕۆژەكانیش لە لەسەر بوددجەی داهاتی گشتی شارەوانییەكان و بوددجەی پەرەپێدانی پارێزگەی هەولێر دەست بەكارەكانیان كراوە، هاووڵاتییانیش دڵنیا دەكەینەوە كە پڕۆژەكان بەشێوەیەكی رێك و پێك جێبەجێ دەكرێن. 
بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان، ئاشكراشی كرد" كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی زۆری بە قیڕتاوكردن و نۆژەن كردنەوەی ڕێگەی سەرەكییەكان داوە لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان، ئاستەنگەكانی هاتووچۆ بەشێوەیەكی باش چارەسەر كراون ، جیا لە جێبەجێ كردنی دوو پڕۆژەی گەڕەكەكانی سیدەكان، لە ماوەی رابردووشدا هەریەك لە ڕێگەی  سۆران - سیدەكان بە گوژمەی 190 ملیۆن دینار، چاككردنەوەی ئینارەكانی كارەبا لە نێو دووساید و نۆژەن كردنەوەی قوتابخانەی گۆڕبەتەڕاش، لە ئێستاشدا رێگەی دەشتی هێرت – سیدەكان لە واری جێبەجێ كردندان، كۆی گشتی ئەو بوددجەی پڕۆژەكانی ئەم دووایەی سنووری كارگێڕییمان پێكهاتووە لە زیاتر " 726 " ملیۆن دینار .
شایەنی باسە، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەماوەی ساڵانی ڕابردوو بە بەهای نزیكەی 8 ملیار دینار  بۆ هەریەك لە  پڕۆژەی ڕێگەی سیدەكان - دۆڵی زەرزێ و پڕۆژەی باڵەخانەی بانك و پڕۆژەی نەخۆشخانەی 25 تەختیی سیدەكان تەرخان كردووە، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی كاركردنی تێدا راگیراوە و كۆتای بە كاركردن لەپڕۆژەكان نەهاتووە .
سیدەكان كەوتۆتە سێگۆشەی سەرسنووری نێوان وڵاتانی عێراق، توركیا و ئێران، بە دووری 144 كیلۆمەتر لە باكووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر هەڵكەوتووە، ساڵی 1932 بووەتە ناحیە  خاوەنی 250 گوندە و ڕێژەی دانیشتوانی نزیكەی 20 هەزار كەسە.

 

زۆرترین بینراو