ئەگەر ئەو دوو مەرجەت هەیە، بێ پشکنینی کۆڕۆنا سەردانی ئێران بکە 

ئەگەر ئەو دوو مەرجەت هەیە، بێ پشکنینی کۆڕۆنا سەردانی ئێران بکە 

زاری کرمانجی- حاجی ئۆمەران:

گلەییەکی زۆر لەلایەن ئەو گەشتیارانە هەیە کە ڤاکسینی کۆڕۆنایان وەرگرتووە و لەکاتی سەردانیکردنیان بۆ ئێران 60 هەزاریان بۆ پشکنین لێوەردەگیرێت، بەڕێوەبەری تەندروستی چۆمانیش دەڵێت: ڕێژەی وەرگرتنی پشکنین 60% کەمی کردووە. 

ئیسماعیل عەلی، گەشتیارێکی هەرێمی کوردستانە و هەفتەی پێشووتر لەڕێگای مەرزی حاجی ئۆمەرانەوە سەردانی ئێرانی کردووە، بەڵام وەکخۆی دەڵێت: ڤاکسینم وەرگرتووە، بەڵام لە سنوور پشکنینیان لێوەرگرتم و بەناچاری پارەکەیم دا.
گووتیشی: بۆچی مەگەر ڤاکسین ئەوە ناگەیەنێ کە مرۆڤ لە کۆڕۆنا پاک بۆتەوە؟ 
لەمبارەیەوە د. ئەحمەد حەسەن، بەڕێوەبەری تەندروستی چۆمان بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند: دوای ڕاگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی دوو مەرج داندراون بۆ ئەو کەسانەی گەشتی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەکەن و پێویستیان بە پشکنین نییە.
یەکەم : ئەو کەسە دەبێت پشکنینی باوەڕپێکراوی فەرمی هەبێت و کەمتربێت لە 48 کاتژمێر بەر لە گەیشتنی.
دووەم: کەسەکە دەبێت هەردوو ژەمە ڤاکسینی باوەڕپێکراوی فەرمی وەرگرتبێت و بەڵگەکەی پێبێت.
گووتیشی: بەهۆی ئەوەی بە فەرمی ڕێگای هاتووچۆی گەشتیاری لە سنووری حاجی ئۆمەران ئاسایی نەبۆتەوە، ئێستا ڕێژەی وەرگرتنی پشکنینی کۆڕۆنا بەراورد بەوکاتەی هاتووچۆ ئاسایی بوو، رێژەکەی %60 کەمبۆتەوە، ئەمەش لەلایەن کەرتی تایبەتەوە پشکنینەکان ئەنجام دەدرێن و بۆ هەر پشکنینێک بڕی 60 هەزار دینار وەردەگیرێت. 

ڕۆژی 14 ی مانگ، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەبەر بەرژەوەندی گشتی و ڕەچاوکردنی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان، هەروەک پێشتر ڕامانگەیاندبوو بۆ پێداچوونەوە بە ڕێکارەکان و گونجاندنی لەگەڵ هەڵومەرج و بارودۆخی ئێستای کۆڕۆنا لە جیهان و هەرێمی کوردستان وە دوابەدوای ڕەچاوکردنی ئاستی ڕەوشی تەندروستی و ئاسایی بوونەوەی هاتووچۆ و گەشتکردن و ئاسانکاری بۆ هاوڵاتیان لە گرتنەبەری رێكارەكانی خۆپارێزی و وەرگرتنی نموونە بۆ پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەلایەن وەزارەتی تەندروستی بڕیاردرا بە وەرگرتنی نموونە و پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ هاووڵاتیان كە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنەوە لەڕێگەی دەروازە سنووریەكان و فرۆكەخانەكان ئەنجام دەدرێت جگە لە ئەمانەی خوارەوە. 

١- ئەو هاوڵاتییانەی کە دەرەنجامی پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنای پشتڕاستكراو و باوەڕپێكراوی هەبێت كەمتربێت لە ٤٨ كاتژمێر لەكاتی گەیشتن پێویست بە وەرگرتنی نموونەی پشكنین ناكات. 

٢- ئەو هاوڵاتیانەی بڕوانامەی وەرگرتنی دوو ژەمی ڤاكسینی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنای پشتڕاستكراو و باوەڕپێكراوی هەبێت لەکاتی گەیشتن پێویست بە وەرگرتنی نموونەی پشكنین ناكات.

زۆرترین بینراو