پەردە لە سەر پەیكەری هامیلتۆن لادرا

پەردە لە سەر پەیكەری هامیلتۆن لادرا

مەهدی محەممەد - رواندز :
كاتژمێر 10 ی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌ لە مەراسیمێكی فراوانی جەماوەری، پەردە لەسەر پەیكەری نوێی ئەندازیار (ئەرشیباڵد مایڵن هامیلتۆن) لە گەڕەكی پاشای گەورە (كاولۆكان) ی قەزای رواندز لادرا.
دانا مستەفا بەرێوبەری پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی رواندز بە زاری كرمانجی راگەیاند"هامیلتۆن پێشتر پەیكەرێكی هەبوو لەم شوێنە، بەڵام لە رووی هونەرییەوە ناتەواو بوو و گللەیی زۆریشی لەسەربوو لەلایەن هاوشارییان، بە لەبەرچاوگرتنی داخوازی خەڵكی خۆشەویستی رواندز و پێداگیری جەنابی قەیمقام، بڕیارماندا پەیكەرێكی شایستەتر بۆ ئەو پیاوە گەورەیە دروست بكەین كە بەرهەمی قوتابیانی بەشی پەیكەرە لەژێر سەرپەرشتیاری دوو مامۆستای ئازیز"،
لەسەر سەكۆی پەیكەرەكە تێكستێك بە هەر سێ زمانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی نوسراوە، تاكو گەشتیاران پوختەیەكی تەواو لەسەر ژیانی هامیلتۆن وەربگرن.
نەجات مەجید سەرۆكی شارەوانی رواندز دەڵێ‌"بەسەرپەرشتی جەنابی قایمقامی قەزای رواندز و سەرۆكایەتی شارەوانی و پەیمانگەی هونەرە جوانەكان و گەشت و گوزاری رواندز، لەسەر داواكاری خەڵكی ئەو شارە، شوێنی پەیكەری هامیلتۆن بگوازینەوە بۆ سەكۆی گەشتیاری رواندز بە گۆڕانكاریكردن لە پەیكەرەكەشەوە".
بەپێی زانیارییەكانی زاری كرمانجی، پرۆژەی داهاتووی پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی رواندز، دروستكردنی پەیكەرێكە بۆ (سمایل بەگ) كەسایەتی دیاری رواندز . 

 

 

 

 

 

 

بابەتى پەیوەندیدار جۆراوجۆر

زۆرترین بینراو