هەرێم .. كێشەی نێوان كوردەكان

سمكۆ محەمەد

 

قسەیەك دەڵێ (كوردەكان ئەگەر لەنێوان خۆیاندا كێشەیان نەبێ، كەس ناتوانێ كێشەیان بۆ درووست بكات) ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە كورد خۆی زەمینەی ساز كردووە بۆ نەیارەكانی، تا لە قەوارەیەكدا یەك نەگرێت، بۆ نموونە دوای ململانێیەكی زۆر لەنێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق، هەروەها لە نێوان یەكێتی و پارتی بەفیتی دەوڵەتە هەرێمییەكان، سەرەنجام هەرێمی كوردستان ئەو پرۆسەیەی لەكەشێكی زۆر دیبلۆماسیانەدا شانۆیەكی پێشكەشكرد كە دەتوانێ ببێتە خاوەن سەرۆكایەتی بۆ دوو زۆن و دوو هەرێمی رانەگەێنراو، لەبەر ئەوەی هێشتا ئەو سەرۆكایەتییە نییە كە بتوانێ كوردەكان یەك بخات و بیانكات بەیەك كورد، چونكە هێشتا دیاردەی دوو زۆنی و دوو قەڵەمڕەوی ماوە، ئەمە پێشتریش هەروابوو، بۆیە تەنها شتێكی كردبێ، ئەوەیە نەیهێشت بەفەرمی ببێتە دوو هەرێم، یا دوو ئیدارەی شەرعی و یاسایی، هێشتا ئەو متمانەیە نەگەڕاوەتەوە بۆ یەكێتی و پارتی، تا كێشەی كورد لەهەموو ناوچەكانی دیكە بە كێشەی هاوبەش بزانن.
ئەوەی هەموو لایەكی رازی كردبوو بۆ بەرپاكردنی ئەو مەراسیمە بە بەشداری هەموو حیزبێكی سیاسی و رێكخراو و سەندیكا و قونسوڵی دەوڵەتان وایكرد دونیا سەرسام بكات لەباری ئەتەكتێت و دیبلۆماسییەوە، تەنها شتێك بوو وەك فۆرم، نەك جەوهەری بابەتی كوردی وەكو نەتەوە، ئەویش رازیكردنی لایەنەكان بوو بەوەی هەر كەس پشكی خۆی هەبێت لەمانەوەی ئەم هەرێمە بەهەڵواسراوی بەهەموو كێشەكانییەوە، چونكە ئەوەی لە كۆنەوە گرێی بۆ ئەو دوو هێزە سیاسییە درووست كردبوو، پۆست و زیندووكردنەوەی دەزگا شەرعییەكان نەبوو وەكو ئامانجی سەرەكی، بەقەد ئەوەی دابەشكردنەوەی جوگرافیای هەرێمی كوردستان بوو لەرووی ئابورییەوە، بەو پێیەی ژیانی ئەو دوو حزبە وەك ساڵی نەوەدەكان نییە، لە دوای ساڵی 2003 ەوە یەكێتی لە سنووری پارتی وەبەرهێنان دەكات و پارتیش لە سنووری قەڵەمڕەوی یەكێتی وەبەرهێنان دەكات، ئەگەر ئەمە نەكرابایە، بەرژەوەندی هەر دوولا دەكەوتە مەترسییەوە، ئێران و ئامریكاش ئەمەیان بەباش دەزانی، بۆیە بە ناڕاستەوخۆ فشاریان لەهەریەك لە حكومەتی عێڕاق و شیعەكان و یەكێتی كرد، تاك دان بەو دۆخەدا بنێن بەكێشەی جیاوازەوە.
ئێمە وەختێك دەبێ شانازی بە سەرۆكایەتی هەرێمێك و حكومەتێكەوە بكەین، ئەگەر ئامریكا و توركیا و ئێران زەمینە بۆ یەكگرتنەوەی هەرێمی كوردستان هەبێت تا ببێت بە دەوڵەت، یان لەئاستی نێوخۆییدا هەر دوولا بگەنە ئەو قەناعەتەی ژیانی سیاسی نابێت لە ویستی سیاسی و ئابووری ئەو دوو حزبە كۆبكرێتەوە و خەڵك هۆشیار بێتەوە لە بەشداریكردنی سیاسەت، بۆیە هەریەك لەو دوو حزبە خەریكی زیندوو كردنەوەی خێڵ و بنەماڵە و گرووپی جیاواز، ئەمەش بەشێكە لە درووستكردنی قەوارەی كۆمەڵایەتی لەپێناو پتەوكردنی قەوارەی سیاسی حزب، ئەگەرنا چۆن دەبێ حیزبێك بڕوای بە دیموكراسی و سۆسیال دیموكراتی هەبێت، كەچی نەریتی كۆن زیندوو بكاتەوە و چەك و تەقەمەنی بەسەر خێڵ و عەشیرەتەكان دابەش بكات، هەر خودی ئەو جوڵەیە، مانای وایە هەریەك لەماڵی خۆی ساحێب ماڵە، چونكە بڕوایان بە كێشەی جیاواز هەیە، بەتایبەتی لەئاستی بەشداریكردن لەگەڵ حكومەتی عێڕاقی، هەروەها بۆ ناوچە كوردستانییەكان كە بەمادەی 140 ی سڕكراو ناسراوە، هەرێمی كوردستان پارلەمانی هەیە، بەڵام ناتوانێ ببێتە خاوەن دەستوور، یان بنبڕكردنی كێشە ریشەییەكان كە كەس نەتوانێ بڵێ كێشەی كوردستان، كێشەی كوردەكانە.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو