داوا دەكرێت بەشی فریاكەوتنی سۆران بكرێتە بنكە

داوا دەكرێت بەشی فریاكەوتنی سۆران بكرێتە بنكە

شەهلا رەشید- زاری كرمانجی:

 د. هاوسەر عەبدوڵقادر، بەڕێوەبەری فریاكەوتنی سۆران لە دیمانەیەكی زاری كرمانجیدا باسی لە گۆڕانكارییەكانی بەشی فریاكەوتن كرد.
ئەو لە سەرەتای قسەكانیدا گووتی " دوای ئەو ئاڵوگۆڕیانەی لە نەخۆشخانەی ئاشتی كران، من وەك بەرپرسی بەشی فریاكەوتن دیاری كرام، لەو كاتەوە بەپێی پێویست بە راوێژ لەگەڵ دەستەی بەڕێوەبەرایەتی نەخۆشخانەی ئاشتی كۆمەڵێك گۆڕانكاریمان ئەنجامدا لە هەمانكاتیشدا بۆ زیاتر خزمەتكردنی هاووڵاتییان هەندێك بڕیارماندا، بۆ ئەوەی ئەو گازەندانەی پێشتر هەبوون كەمیان بكەینەوە، بۆ نموونە رێكخستنی دەوامی كارمەندان و دانانی سزا و پاداشت كە پێشتر نەبوو، زیادكردنی دەوامی پزیشكی موقیم كە ژمارەیان چوار پزیشكبوون كردمانە هەشت پزیشك، بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی هاووڵاتیان بكەن، هەروەها زیادكردنی كامێرای چاودێری و جیاكردنەوەی قاوشی پیاوان و ئافرەتان، دانانی شوێنێكی تایبەت بە هێڵكاری دڵا لە هەردوو قاوشی ئافرەتان و پیاوان، كردنەوەی دەرمانخانە، دانانی كۆگاییەكی تایبەت بە دەرمان، ئێستا ئێمە لە 90% دەرمانمان هەیە، بەڵام دەرزی دژە ژەهراوی و ژەنگ و بزمار ئەوانە بە رێژەیە و دەبێت لە بەشی ڤاكسین وەربگرین لە بەڕێوەبەرایەتی رێژەی دیاریكراومان بۆ دادەنێنن هەر چەندە ئەو دەرزی و دەرمانانەشمان هەیە و پزیشك دەزانێت لە چ حاڵەتێكدا پێویستە بۆ نەخۆش بەكاری بهێنێت".
د. هاوسەر، زیاتر روونیكردەوە" پێشتر ئەگەر پێویستیش نەبوایە ئەوا بە واستە ئەمبۆڵانس دەدرایە نەخۆش، بەڵام ئێستا هیچ پێویست بە واستەكاری ناكات، ئەگەر نەخۆش پێویستی پێ بێت و حاڵەتەكە ناكاو بێت ئەوە ئۆتۆمبێلی فریاگوزرای لە خزمەتی دەبێت، بە پێچەوانەوە بەهیچ شێوەیەك بە هۆی واستەكاری ئۆشتۆمبێل بۆ كەس دابین ناكرێت و جیاكاری لە نێوان نەخۆشان ناكرێت، ئەمەش دوای ئەوەی كە ژمارەی ئەمبۆڵانسەكانمان زیاد كرد، هەروەها جاران شوێنی تایبەت بۆ شوفێرانی ئەمبوڵانس و ئۆتۆمبیلەكانی بەشی فریاكەوتن نەبوون ئێستا شوێنیشمان بۆ ئەوان دابینكردووە".
گووتیشی " پێشتر ئامێری تیشك لە بنكەی تەندروستی سۆران بوو، ئەمەش كێشەی هەم بۆ ئێمە هەمیش بۆ نەخۆش دروست دەكرد، دوای هەوڵێكی زۆرمان و بە هاوكاری بەرێوەبەری نەخۆشخانەی ئاشتی توانیمان ئەو ئامێرە بگوازینەوە بۆ بەشی فریاكەوتن".
لە بارەی چاودێری پزیشكانەوە بە تایبەتی پزیشكە ئیشكگرەكانەوە بەڕێوەبەری بەشی فریاكەوتن گووتی " لای ئێمە هەم  تەندروستی هاووڵاتی گرنگەن هەمیش رایی كردنی ئەركی پزیشكان، بۆیە چاودێری پزیشكان دەكەن، بە تایبەتی ئەوانەی كە ئیشكگرن، پێویستە ئامادەبن لەبەر ئەوەی زۆرجار حاڵەتەكە لە دەسەڵاتی پزیشكی موقیمدا نییە و ئەو پزیشكەی كە ئیشكگرە ئاگادار دەكەینەوە، ئەگەر نەهات ئەوا هۆشداری دەدەینێ، بەڵام ئەگەر كەمتەرخەم بوو راستەوخۆ غیاب دەدرێت، كە ئەمە پێشتر نەبووە".
دانانی سیستمی 24 كاتژمێری و كەم كردنەوەی ئیشكگرتن بۆ كارمەندان، واتە هەر كارمەندێك هەفتەی یەك رۆژ ئیشكگرتنی هەیە، بەڵام 24 كاتژمێر دەبێت لەو رۆژەدا ئامادە بێت، تۆماری تایبەت بە نەخۆش و رووداوەكان و مردووەكان ئامادە بكات ، زیادكردن و مانەوەی پۆلیس لەناو بەشی فریاكەوتن بۆ زیاتر پارێزگاری كردنی كارمەندان لە كاتی بوونی هەر كێشەیەك لە نێوان هاووڵاتییان و ستافی فریاكەوتن و هتد... ".
بەڕێوەبەری بەشی فریاكەوتنی سۆران گازەندەكانی نەشاردەوە و گووتی"  گلەیی زۆرمان لە بەرپرسەكانی سۆران هەیە، لەبەر ئەوەی زۆر كەمتەرخەمن بەرامبەر فریاكەوتن، وەك پێویست گرنگیان پێنەداوە و نایدەن، تا ئێستا فریاكەوتن بەشێكە لە نەخۆشخانە، كە دەبێت سەربەخۆ یا بنكە بێت بۆ ئەوەی ئێمە خۆمان كارەكانمان بەڕێوە ببەین، بۆ نموونە ئەگەر هەر شتێكمان پێویست بوو چەندیش زەروور بێت دەبێ چاوەڕێ بكەین تا بودجەمان بۆ سەرف دەكرێت، فریاكەوتنی سۆران فشاری زۆری لەسەرە هەر چوار قەزاكان بە هەموو دێهاتەكانەوە روو لە ئێرە دەكەن و پێویستە لێرەوە دۆسییەیان بۆ ئامادە بكرێت، بۆ ئەوەی ئەگەر چارەسەر كردنی لە دەسەڵاتی ئێمە نەبوو رەوانەی هەولێر بكەین، داواكاری زۆرم لە بەرپرسانی پێشتریش كرد كە نابێت ئەمە بەشێك بێت لە نەخۆشخانە پێویستە بكرێتە سەربەخۆ یا بنكە، بەڵام هیچ گرنگییەكی نەبوو، هەروەها كەمی دەرماڵەی كارمەندان كە زۆر لە كارمەندانی بنكەی نەخۆشخانەكان و پزیشكی دادی ماندووترن و فریاكەوتن قوربانی یەكەمە، دەرماڵەیان 50% یە و ئەوانی دیكە لە 100% بۆ 150%ە،  پێشنیارم كرد بۆ بەڕێوەبەرایەتی وەزارەتی تەندروستی، بەڵام ئەوان گووتیان پێویستە ئەم داواكارییە لە پەرلەمان بەرز بكرێتەوە".

زۆرترین بینراو