یادی شۆڕشی گوڵان دەستپێكی شۆڕشی بە دامەزراوەیی كردن


ئیسماعیل ئیبراهیم


سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی گوڵان دوای نسكۆی رێككەوتننامەی جەزایر مستێكی پۆڵایین بوو، بۆ ناو دەمی داگیركەرانی كوردستان، پەیامێكیش بوو بۆ هەموو جیهان كە گەلی ستەمدیدەی كوردستان تا بەدی هێنانی مافە رەواكانی هەرگیز كۆڵ نادات.
كیانی سیاسی ئێستای باشوور بەرهەمی ئەو بەرخۆدانە سەختە بوو كە وەك تەحەدا كردنی وڵاتانی داگیركەر بوو.
شۆڕشی گوڵان درێژكراوەی شۆڕشەكانی پێشووتری خۆی بوو، واتە بزووتنەوەیەكی نوێ شۆڕشگێری نەتەوەیی نەبوو، بەڵكو خۆ رێكخستنەوەی جوڵانەوەكە بوو.
لە سایەی شۆڕشە یەك لە دوایەكەكانی كوردستان، ئەمڕۆ سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمان و حكومەتمان هەیە، ئەم دامەزراوانە بە هەموو كەموكورتییەكانی جێگەی ئومێدی نەتەوەیەكی 40 ملیۆنییە.
نەتەوەی كورد وەك باقی نەتەوەكانی دیكە چ لە كاتی شۆڕش كردن و چ لە شار بێ كەموكورتی نین، هەروەك ئەو وەڵاتانەی كە سەدان ساڵە خاوەن كیانی سیاسی سەربەخۆن و هەموو جومگەكانی وەڵاتیان بە دامەزراوەیی كراوە، بەڵام بێ كەموكورتی نین. ئەگەر بەراوردێك لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و زۆربەی حكومەتەكانی دیكەی جیهان بكەین، دەبینین كوردستان لە پێش زۆربەیانەوەیە.
دەیان وەڵات لە جیهان بوونیان هەیە، كە هەژار و بێ كاری و نادادپەروەری لە لوتكەدایە و ناویان لە ریزی وەڵاتە گەندەڵەكان و پڕ مەترسییەكانی جیهانە.
رابردوو بۆ ئەمڕۆ و داهاتوو جگە لە ئەزموون هیچی دیكە نییە، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە، لەگەڵ نەوەی نوێ و بیری نوێ گۆڕانكاری لەو سێكتەرانە بكرێت كە تا ئێستا بوونەتە هۆی ناشیرین كردنی كیانی سیاسی كوردستان، دەبێ یادی شۆڕشەكانی كوردستان بكەینە دەستپێكی نەهێشتنی هەموو ئەو خەوش و كێشانەی بەڕۆكی حكومەت و تاك و كۆمەڵگەی گرتووە. ناكرێت لە پەنای شانازی كردن بە رابردوو، یا یادكردنەوەی شۆڕشێكی پڕ لە قوربانیدان، رێگە بە بەردەوامی نادادپەوەری و گەندەڵی بدرێت، هەموو یاد كردنەوەیەك گرنگی خۆی تێدایە بۆ پتەوكردنی پەیوەندی نێوانی تاك و خاك، تاك و دەستەڵات، تاك و بابەتە نەتەوەییەكان، باشترین كاتیش بۆ رووبەروو بوونەوەی ئەو ڤایڕۆسانەی جەستەی نیشتمان دادەرزێنێت یاد كردنەوەی شۆڕشە یەك لە دوایەكەكانە، یاد كردنەوەی قوربانییەكانە، یادكردنەوەی كارەساتەكانە، یاد كردنەوەی ئاوارەبوونی ملیۆنها هاووڵاتی كوردە، بۆیە گرنگە ئەوەندە بە سۆزەوە لە رابردوو دەڕوانین، هەزار ئەوەندە بۆ داهاتوویەكی گەشتر بیر بكەینەوە‌و چی بۆ ئێستا و نەوەی داهاتوو گرنگە وابكەین.
ئێستا لە كوردستان زیاتر لە هەموو كات پێویستیمان بە شۆڕشی نەهێشتنی گەندەڵی و نادادپەروەرییە، زیاتر لە هەموو كات پێویستیمان بە پتەوكردنی پەیوەندی تاكە بە نیشتمان، ئێستا زیاتر لە هەموو كات پێویستمان بە روخاندنی پردی نێوان شەقام و دامەزراوەكانە، زیاتر لە هەمووكات پێویستیمان بە هێنانە پێشەوەی هزری نوێی ئەكادیمییە.
بۆیە بۆ رێز گرتن لە قوربانی و گیان فیدای شۆڕشی گوڵان و باقی شۆڕشەكانی دیكە، با دەست بە شۆڕشی نەهێشتنی گەندەڵی و ناداپەروەری بكەین.

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو