وڵات ئومێد: بەبێ بوونی مامۆستای تایبەت  توانیم ببمە یەکەمی سەر ئاستی ئیدارەی سۆران

وڵات ئومێد: بەبێ بوونی مامۆستای تایبەت توانیم ببمە یەکەمی سەر ئاستی ئیدارەی سۆران

 لە ساییەی كابینەی نۆیەم پێشکەوتنێكی تەواو دیارە بە بواری پەروەردە

  محەممەد مەحموود – سۆران : دوای راگەیاندنی ئەنجامەكانی پۆلی دوازدەی ئامادەیی ریزبەندی قوتابییە یەكەم دووەم و سێیەمەكانیش راگەیەندرا، لەسەر ئاستی ئیدارەی سۆران چەند قوتابییەك ناویان لەو ریزبەندییە هەبوو، زاری كرمانجی یەكێک لەو قوتابییانەی دوواند، ئەویش قوتابی وڵات ئومێد حاجی حوسێن، لە قوتابخانەی دواناوەندی سۆرانی تێكەڵاو كە تووانی ببێتە دووەمی سەر كوردستان و یەكەمی سەر پەروەردەی سۆران بە كۆ نمرەی 99،72.

 لەدەستپێکی  ئەم گفتۆ گۆیە ئومێدبۆ زاری کرمانجی گووتی" قوتابییەكی هێمن و ژیر بووم ، پابەندی گشت رێنماییەكانی قوتابخانەكەم بووم و لە قۆناخی 12 ەی ئامادەییدا زۆر بە وردی و ئاگادارییەوە دەمخوێند، هەر لە پۆلی یەكەمی بنەڕەتییەوە نمرەی بەرزم بە دەستهێناوە ، هەموو ساڵێك لە یەكەمەكانی قوتابخانەكەم بووم ، خەونی بوون بە یەكێك لە قوتابییە یەكەمەكانی هەرێم لای من لە پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی سەری هەڵدا .

وڵات دەشڵێت" لە قۆناخی 12 ەی ئامادەیی، خوێندنەكەم بە بەرنامە و حەز و خۆشەویستییەوە بوو ، ئەو كاتانە بۆ من زۆر ناخۆش بوون كاتێك لە تاقیكردنەوەكانی رۆژانەی قوتابخانە تەنها یەك پرسیارم بە هەڵە وەڵام دابایەوە".

دەربارەی بەرنامەو پلان بۆ پۆلی 12 وڵات گووتی"  بەرنامەی خوێندنم لە رێكەوتی ٢-٦-٢٠٢٠ دەستیپێكرد كە دەكاتە پێش قۆناخی12، بەرنامەكەم بریتی بوو لە بوونی ئامانج و تێكۆشان، ترسم نەبوو لەو قۆناخەدا چونكە بە متمانە و ئیرادەوە دەمخوێند، بۆ ئەوەی ئەو قۆناغە گرنگە بە سەركەوتوویی تێپەڕێنم ، پۆلی12  خۆشترین قۆناغ بوو، پێچەوانەی زۆرێك لە قوتابییان كە ترسیان لە پۆلی 12 هەیە".

لە وڵاتمان پرسی رۆژانە چەند كاتژمێرت دەخوێند؟ ئەو لە وەڵامدا گووتی " سەبارەت بە كاتژمێری خوێندن، چۆنیەتی خوێندن گرنگە نەوەك چەندییەتی ، بەڵام لە كاتی مۆڵەتدان بۆ خۆ ئامادەكردن بۆ تاقیكردنەوەی وزاری بە گشتی 10   بۆ 12 كاتژمێر دەمخوێند، هەوڵی خۆم دەدا بۆ ئەوەی ئەم نمرەییە بە دەستبهێنم هەوڵ و تێكۆشانم بۆ خوێند لە پۆلی 1  بنەڕەتی دەستی پێكردووە  و لە پۆلی 12 كۆتایی پێ نایەت، بەڵكو قۆناغێكی تری خوێندن لە ژیانی من دەستپێدەكات كە خوێندنی باڵایە. زۆرجار قوتابی ترسی لادرووست دەبێت لە كاتی تاقیكردنەوەكان و گوێ‌ بیست بوونی كاتی تاقیكردنەوەكان كەچی وڵات دەڵێت" ترسم لە تاقیكردنەوەكان نەبوو، چونكە متمانەم هەبوو تەنها لە تاقیكردنەوەی یەكەم كەمێك سترێسم هەبوو، چونكە ئەزمونێكی نوێ بوو، هەموو وانەكانم وەكو یەك دەخوێند و هەوڵم دەدا لێیان تێبگەم، بۆیە لە هیچ وانەیەك نەترساوم ، ترس لە فەرهەنگی من دا جێگای نابێتەوە، هەست بە شانازی دەكەم كە توانیم ببمە دووەمی سەر هەرێمی كوردستان لە بەشی زانستی و یەكەمی شاری سۆران ، هیوادارم توانیبێتم ببمە ماییەی شانازی بۆ خانەوادەكەم و قوتابخانە و خەڵكی ئیدارەی سۆران،  هەمیشە بۆ یەكەمی هەرێم دەمخوێند، بەڵام بەدەستهێنانی دووەمی هەرێم لای من پێشبینیكراو بوو لە ئاستی ماندوبوونی من دابوو. لەسەر ئەوەی قوتابخانەی ئەهلی باشترە بۆهێنانی نمرەی بەرز یان قوتابخانەی حكومی،  یەكەمەكەی سۆران گووتی" قوتابخانەی ئەهلی مەرج نییە نمرەی باشتری لێبێت ، كەش و هەوای خوێندن گرنگە بۆ قوتابی، لەوانە  قوتابخانەی باش، هاندانی خێزان، هاوڕێی باش، بۆ ئەمەش یان ئەو پاڵپشتیە گەورەییەی خێزانەكم هۆكارێكی گرنگی سەركەوتنەكانی منن، بەبێ پاڵپشتی ئەوان بڕواناكەم بگەیشتبامە ئەو پلەیە و ئەو ئەنجامە باشەم بەدەست هێنابا.  

ئەو قوتابییە لەسەر نمرەش بۆچوونی هەبوو گووتی " نمرە پێوەری تەواوەتی زیرەكی نییە ، چونكە هەر مرۆڤێك بەهرەیەكی هەیە، مەرج نییە نمرەكەت كەم بێت و بڵێیت بێ بەهرەم، هەیە لە بواری سیاسی، كۆمەڵایەتی، هونەری ، داهێنان هتد.... بە تواناییە".

وڵات دەشڵێت" بەو قوتابییانە دەڵێم كە دەبنە پۆلی12  نەترسێن،  ئەگەر بخوێنن ئەوا پۆلی 12 زۆر ئاسان دەبێت بۆیان ، من بەبێ بوونی مامۆستای تایبەت و دەورە توانیم بە ئامانجەكەم بگەم داواكارم لێیان بڕوایان بە تواناكانی خۆیان هەبێت.

 وەك قوتابییەك لە سیستەمی پەروەردەی كوردستان رازیت؟ وڵات لە وەڵامدا گووتی " لە گەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، پێشكەوتنێكی تەواو دیارە بە بواری پەروەردە ، بە تایبەتیش لە پڕۆسەی تاقیكرنەوەكان كە پرسیارەكان هەمووی زانستی و بێ هەڵە بوون جیاواز لە ساڵەكان پێشووتر، بینینی پەرەی سۆما لە كاتی وەرەگرتنەوەی ئەنجامەكان یەكێكی ترە لە خاڵە شەفاف و روونەكان كەوا دەكات دڵمان بە ئاستی خوێندن خۆش بێت لە كابینەی نۆیەم. لە كۆتاییدا وڵات ئومێد گووتی" دەمەوێ سوپاسی هەموو خزم و دۆستەكانمان و بەرپرسی حزبی و حكومی بكەم كە منیان بەسەركردەوەو پیرۆزباییان لێكردم.

زۆرترین بینراو