شـار و سـەفـەر

عەزیز حوسێن
بـەشی دووەم

ئەمە دواهەمین شەوەو دەبێ لەو چۆلەوانیەی خۆشەویستیە بچمە دەرێ، ئەلقە شكاوەكەم دەكەمەوە پەنجەم و ملوانكە مازییەكەم دەكەمە ملمەوە جانتای سەفەرم ئامادە دەكەم و دەگریم، تێر تێر بۆت دەگریم، دەستم دەلەرزێت و فرمێسك دەكەوێتە سەر لێومەوە، نازانم ئەمە لە خۆشەویستی تۆیە یان بەهۆی ئەو ئازارانەیە كە پێت بەخشیوم !
دادەنیشم و پشت بە دەرگاوە دەنێم، دەستم دەخەمە سەر دڵم و چاوم لێك دەنێم وەك چۆن . لە مەڕاسیمە گەورەكان سرودی نیشتیمانی دەلێنەوە . گۆرانیت بۆ دەلێم ئەو گۆرانیانەی باسی شار دەكەن باسی كچ و سرووشتت دەكەن، ئەو گۆرانیانەی باسی سەفەر و ڕوانینی كچی نێو پاسەكان دەكەن ... دوا ڕستەی خۆشەویستی سەبارەت بە دایكان دەلێمەوە و دەوەستم ، هێندە خۆتم لێ توڕە مەكە، مەلێ بۆ ئەوەندە بە خراپە باست كردووم، من وەك ئەو بوكانەی نهێنی مێردەكانیان تەنیا لای دایكیان باس ئەكەن، گلەیی و دڵپڕییەكانم تەنیا لای تۆ باسەكەم
ئەگەر پرسیاری تۆم لێبكەن گەورەت دەكەم ،مەدحت دەكەم، دەتكەمە بەهەشت
بەلام من چیبكەم كە سكم پڕە لە قسە و گلەیی زۆر بۆتۆش نەبێ نایانكەم
ڕقم لە جادەكانتە، ڕقم لە قوتابخانەو كتێبخانە چۆلەكانتە
قەلەم و كتێب دوو بنیادەمی تووڕ دراون كەس بەلایانەوە ناچێ، ئەوەی لێرە بێبایەخە، مەرەكەبە . ئەوەی شانازی پێوە دەكرێ، پێكەنینە، تۆش ئەی ئەو خۆشەویستەیی لە خوێنمدایی تۆش هەر ئەوەم لێچاوەروان بكە كە لەدوورەوە بیرت بكەم . لە دوورەوە گۆرانیت بۆ بلێم و دوعا بۆ گەیشتنت بكەم. ئاخر كارەساتی ئێمە ئەوەیە ناتوانین كەسێك لەبیر بكەین كە خۆشماندەوێ ، هەرچیەك ئەكەین ناتوانین بۆی نەگرین، ئەگەر مرۆڤ كەسێك بخاتە ناخیەوە، سرووشت و شار ناتوانن بیهێننە دەرەوە ، جێهێشتن و چوونەدەر لەشار دلڕەقت ناكەن ، سەیركە چەند بێدەسەلات دەبێ مرۆڤ ئەو دەمەی كە ناتوانێ ئازیزێكی لەبیربكات ، چەندە دەمەوێ لەگەل ئەو كچ و كوڕانە بگەڕێم كە ناتوانن خۆشەویستەكانیان لەبیر بكەن لە تەنیشتیان دابنیشم و لەگەلیان بگریم، دەست بخەمە ملیانەوە و بە گەرووی پڕ گریانەوە پێیان بڵێم، چارەنووس هەمیشە ئەوە نیە كە ئێمە چاوەڕێی دەكەین، بەلام عەشقی ئێمە لەبیر نەكردنی ئێمە چارەنووسی ئێمە بوو ئەوەی ئێمە ئازار دەدا ئەوەیە كە خۆشمان دەوێ، ئەوەی ئێمە پیر دەكا، ئەوەیە كە لە ناخماندا هەیە و ناتوانین دەریبهێنین.
خودایە! چەند لە دارێكی ڕووت و بێ گەڵا دەچین ئەو دەمەی لە ژورێكی تاریكدا سەر دەخەینە نێو كۆشمان و دەگرین، چەند بێ چارەین خودایە چەند؟!
چەند بێ چارەن ئەوانەی كەسێك لە ناخیاندا هەیە و نەدەتوانن بەدەستی بێنن و نەدەتوانن لەبیری بكەن
منیش هیچیتر فرمێسكەكانم ناخەمە نامەوە، برژانگەكانم ناخەمە قوتوی زێڕینەوە، لێوەكانم ناخەمە سەر پەنجەرەكانەوە، دڵم ناخەمە گیرفانمەوە
غەمی تۆ، ئازاری تۆ، قژی تۆ، دوری تۆ ڕادەخەم و
لە ناویدا دەنوم تا هەتا هەتایە
شەوانی كۆتایی هەمیشە ئەو شەوانەن كە یادەوەرییەكانمان
كۆدەكەنەوە، خۆشەویستانمان وەك تابلۆ لە پێشمان هەلدەواسرێن، منیش وەك غەمگینترین وێنە، وەك سەیرترین دیمەنی نێو ژووری سینەماكان لە پەنجەرە شكاوەكەی ئەم ژورەدا سەیرتدەكەم و ئەو ئومێدە نابینم كە لە نەوەكانت چاوەڕێ دەكرێ، ئەو هەموو ئاوێنەیەت لە خۆتدا دروست كردو كچێكیش نیە لەبەردەمیدا بوەستێ و كل لە چاوی بدا، لێوی سوور بكات و قژی لەبەر شانەبكا مەعشووقێك نیە لە پێشیدا زەردەخەنەیەك بە ڕووی خۆیدا بكات و بڵێ ئەمرۆ ژوانی دواهەمین ساتەكانی تەنیایی دەبەستین شەهێنە تەنیاكان بەرەو دورترین دورگە دەفڕێنین، زەردترین داری پایز لە بەرگی سنەوبەرێكی ناخی هەورەكان دەكەین بە بووك
تازە دەبێ هەوڵبدەین وەفا لە سەگەكان بكڕینەوە و وەك ملوانكە بە ملی كوڕە عاشقەكان هەڵیواسین، دەبێ وابكەین لە كەروێشكەكان بەهەستتربین
ئەبێ ئاسمان ڕازی بكەین كە زیاتر بگری تا گریانەكانمان بشارینەوە
ئەبێ وا لە شەو بكەین زیاتر درێژ ببێتەوە، زستان ڕازی بكەین كە ساردتر بێت، چۆلەكەكان فێربكەین زیاتر لەسەر ئەم دارانە بمێننەوە ئەبێ وایان لێبكەین ئاوازێك بخوێنن بێدارمانبكەنەوە لەو خەوەی پڕ بە چاومان داكراوە
پێش ئەوەی بمانگرن و ڕۆحمان هەتیو بكەن بەئاگا بێینەوە
ئەوەی من لەو پەنجەرەیە دەیبینم ئەوەنیە، كە دەمانەویست ببێت هاوڕێكانمان لەبەر چاومانن و كەچی بۆنیان ناكەین پڕ بە چاومان نایانبینین، ئەودەمەی بێدارنابینەوە ئەوان لێرە نین تا ڕامانچلەكێنن، لێرە هەست بە نامۆییان دەكەم ئەوەی دۆستەكانمان لێرە دەهێلێتەوە كاغەزە، ئەوەی زەردەخەنەی ئێمە بە لێویانەوە جێدەهێلێ گیرفانمانە
ئەوەی بەسەر لێوی ئێمەشەوە وشكبووە ئەو حەرفانەن كە نەگەیشتن
ئەوەی لە ناخماندا چرۆ دەكا غەمگینترین، بێنەواترین وشەی نەگوتراون
چ ئازارێكە مردن لە دلی كەسێكدا كە ئەو لە دڵماندا زیندوو بێ ؟
خودایە!
ئێمە دەگرین و ئەوان نایبینن
ئێمە دەمرین و ئەوان ناگرین
ئێمە دەڕۆیـــن و
ئەوان نامرن

 

 

بابەتى پەیوەندیدار بیروڕا

زۆرترین بینراو