شاژن 80 درێسی رۆناڵدۆی دەوێت و 11 ی ئەم مانگە بەرامبەر نیوكاسڵ یاری دەكات

شاژن 80 درێسی رۆناڵدۆی دەوێت و 11 ی ئەم مانگە بەرامبەر نیوكاسڵ یاری دەكات

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: چەند راپۆرتێكی رۆژنامەوانی بەریتانی، ئاشكرایانكرد كە ئیلیزابێسی دووەم، شاژنی بەریتانیا، بۆ خۆی و كارمەندانی كۆشكی شاهانە داوای درێسەكانی كریستیانۆ رۆناڵدۆی كردووە.
بەپێی ئەو سەرچاوانە، شاژنی بەریتانیا داوای 80 درێسی مانچێستەر یونایتدی كردووە، كە ناوی كریستیانۆ رۆناڵدۆ لەسەریان نووسراوە و دەشڵێن" ئیلیزابێسی دووەم داوای كردووە یەكەم درێسیش كە رۆناڵدۆ واژۆی لەسەر كردووە لەگەڵ ئەو 80 درێسەدا بێت".
كریستیانۆ رۆناڵدۆ دوای 12 ساڵ جێهێشتنی ریزەكانی مانچێستەر یونایتد، بەشێوەیەكی چاوەڕواننەكراو گەڕایەوە ریزەكانی یانەی شایتانە سوورەكان.
كۆمەڵەی داهێنانی وەرزشی كە لە ژێر سەرپەرشتیی شاهانەدا دامەزراوە، ئەو هەواڵەی پشتڕاستكردەوە و دووپاتیشیكردەوە، كە شاژن دەیەوێ ئەو درێسانەی رۆناڵدۆ بەسەر كارمەندانی كۆشكی شاهانەدا دابەش بكات و ئەو درێسەش كە بۆ یەكەمجار كریستیانۆ واژۆی لەسەر كردووە بۆ خۆی دەبێت.
دواتر هەمان سەرچاوە، ئەو هەواڵەی رەتكردەوەو لە هەژماری خۆی لە تویتەر، رایگەیاند" نەمانتوانی راستی ئەو هەواڵەی تایبەت بوو بە شاژن و كریستیانۆ دووپات بكەینەوە، بۆیە بڕیارماندا ئەو تویتەمان رەشبكەینەوە.. داوای لێبوردن دەكەین". 
ئەم تویتە هەرای نایەوە لەنێو رۆژنامەكانی بەریتانیادا، كە هەندێكیان پێیانوایە هەواڵەكە راستە، بەڵام لەسەر داوای كۆشكی شاهانە رەتكراوەتەوە، هەندێكی دیكەش پێیانوایە ئەمە هەواڵە درووستكراوی میدیایە.
كریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ ماوەی دوو ساڵ گرێبەستی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد واژۆكردووەو دەتوانێ ساڵێكی دیكەش نوێیبكاتەوە، بەرامبەر بە مووچەی 480 هەزار پاوەند لە هەفتەیەكدا.
لە لایەكی دیكەوە هاندەرانی یانەی مانچێستەر یونایتد لە بەیانییەكی زووەوە چوونە بەردەم یاریگەی ئۆڵدترافۆرد و نۆرەیان بۆ بەدەستهێنانی درێسی كریستیانۆ رۆناڵدۆ گرت.
هێنری رۆبینسۆن، هاندەرێكی یانەی مانچێستەر یونایتد دەڵێت" هەست دەكەم لەسەر مانگم كە درێسەكەم بەدەستهێناوە، لە بەیانییەكی زووە هاتووم بۆ ئەوەی درێسەكەم دەستبكەوێت، بەڵام رۆناڵدۆ شایستەی ئەمەیە و زۆر دڵخۆشم كە گەڕاوەتەوە یانەكە".
رۆناڵدۆ شەوی رابردوو بۆ تەواوكردنی كارەكانی گرێبەستەكەی و پەیوەندیكردن بە یانەكەوە گەیشتە شاری مانچێستەر، بەڵام یاریزانەكە سەرەڕای وەرگرتنی ڤاكسین و تووشبوونی بە كۆرۆناش ماوەی پێنج رۆژ كەرەنتین دەكرێت.
یانەی مانچێستەر یونایتد لە راگەیێندراوێكی فەرمیدا دەڵێت" هەفتەی داهاتوو رۆناڵدۆ پەیوەندی بە مەشقەكانی یانەی مانچێستەر یونایتدەوە دەكات و لەژێر سەرپەرشتی ئۆلێ گونار سۆلشایەر لە كارینگتۆن لەگەڵ تیپەكە مەشق دەكات" ، بەمەش ئەگەری هەیە رۆناڵدۆ رۆژی 11 ی ئەم مانگە بەرامبەر نیوكاسل یەكەم یاری بەدرێسی مان یونایتدەوە ئەنجام بدات.
رۆژنامەی سەنی بەریتانی لە ژمارەی ئەمڕۆیدا نووسیوویەتی" كریستیانۆ رۆناڵدۆ دەیەوێ نازناوی پرێمەرلیگی ئەم وەرزە لەگەڵ یانەكە بباتەوەو ئەمەی بە یاریزانە هاوڕێیەكانی راگەیاندووە لە یانەكەدا".
كریستیانۆ رۆناڵدۆ دوای گەڕانەوەی بۆ مانچێستەر یونایتد گووتی" پێموایە باشترین بڕیارمداوە بە گەڕانەوە بۆ یانەكە، دەمەوێ قۆناغێكی نوێ دەستپێبكەم و هەموو توانایەكم بخەمە گەڕ بۆ نووسینەوەی مێژوو لەگەڵ یانەكە و ركابەریكردن لەسەر بردنەوەی نازناوەكان".

زۆرترین بینراو