بێڵ بەربەستی گەڕانەوەی كۆبۆیەو ئۆدیگارد لە ریال بێزارە

بێڵ بەربەستی گەڕانەوەی كۆبۆیەو ئۆدیگارد لە ریال بێزارە

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: گەڕانەوەی گارێس بەیڵی وێڵزی بۆ ریاڵ مەدرید، دوای كۆتایی هاتنی ماوەی خواستنەكەی لەگەڵ تۆتنهام، لەسەر رێگەی كۆبۆی ژاپۆنی دەوەستێت كە لەوەرزی داهاتوو 2021 /22 درێسی یانەی شاهانە بپۆشێتەوە.
كۆبۆ دوو ساڵی رابردووی بە خواستن لە دەرەوەی یانەی ریاڵ مەدرید بەسەربرد، لە پێناو ئەوەی چەند خولەكێكی زیاتر بەدەستبهێنێت بۆ یاریكردن و بەرەو پێشچوونی تواناكانی.
بە گوێرەی هەواڵێكی رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی، كۆبۆ وێڕای بەشداریكردنی لە ئۆڵیمپیادی تۆكیۆ لەگەڵ تیمی ژاپۆن لە وەرزی داهاتوودا ناگەڕێتەوە بۆ ریاڵ مەدرید، ئەمەش بەهۆی گەڕانەوەی گارس بەیڵ بۆ یانەی شاهانە.
مانەوەی بەیڵ لەگەڵ یانەی شاهانە بۆ وەرزی داهاتوو، گوزارشت لە قەیرانێكی ئیداری دەكات بۆ مێرینگی، دوای چوونە دەرەوەی وێڵز لە یەكێتی ئەوروپا لەگەڵ بەریتانیا،  بەیڵ بووە یاریزانی بیانی نەك ئەوروپی.
رێنماییەكانی یەكێتی تۆپی پێی ئیسپانیا، باس لە ئەوە دەكات، كە دەبێت تەنها سێ یاریزان لە دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا لە هەر یانەیەكدا بوونیان هەبێت.
كۆبۆ لەئۆڵیمپیاد لەگەڵ ژاپۆن دوو گۆڵی تۆماركرد لەو دوو یارییەی بەرامبەر ئەفریقای باشورو مەكسیك ئەنجامیدا، هەروەها رابەرایەتی كردنی سامۆڕای ژاپۆنییەكانی كرد بۆ گەیشتن بە قۆناغی دووەمی پاڵەوانێتیەكە بە كۆكردنەوەی شەش خاڵ و سبەی چوارشەممەش یاری سێیەمی بەرامبەر فەڕەنسا ئەنجام دەدەن.
لە لایەكی دیكەوە راپۆرتە رۆژنامەوانییەكانی ئیسپانیا هەواڵێكی چاوەڕواننەكراویان بڵاوكرەوە و باسیان لەوە كرد كە ئۆدێگاردی یاریزانی یانەی ریاڵ مەدرید دەیەوێ جارێكی دیكە ریزەكانی ئەو یانەیە جێبهێڵێت.
ئۆدێگارد لە نیوەی دوەمی وەرزی 2020 بۆ 2021 بە خواستن پەیوەندی بە یانەی ئارسناڵی ئینگلیزییەوە كرد، چونكە ئەو یاریزانە لە یانەی شاهانە و لە ژێر سەرپەرشتی زیدان كەمترین خولەك بەشداری پێدەكرا.
رادیۆی كادینا سێری ئیسپانی رایگەیاند، داهاتوی ئۆدێگارد لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید بە نادیاری ماوەتەوە، هەرچەندە ئەو یاریزانە لە هەوڵی خۆگونجاندن و دۆزینەوەی شوێنی خۆیدایە لە ریاڵ مەدرید، جەخت لەسەر ئەوەش دەكات كە هەموو شتێك دەكرێت لە داهاتوویدا رووبدات.
هەمان سەرچاوە باس لەوە دەكات كە داهاتووی ئۆدێگارد لەگەڵ ریاڵ مەدرید هێشتا روون نیە، راپۆرتەكە ئەوەی ئاشكرا كردوە، كە لە رۆژانی كۆتایی بازاڕی گواستنەوەدا چارەنووسی ئەو یاریزانە دیاری دەكرێت.
ئۆدێگارد شەش ساڵ لەمەوبەر لە ساڵی 2015 چووە ریزی ریاڵ مەدرید و دواتر بە خواستن لە یانەكە رۆیشت بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی سەرەكی یاری بكات، لە وەرزی 2019/20 دا لەگەڵ ریاڵ سۆسیداد رۆڵی سەرەكی خۆی دەگێری و جارێكی دیكە گەڕایەوە بۆ مێرەنگی، بەڵام نیوەی دووەمی وەرزی رابردووی بە خواستن لەگەڵ ئارسناڵ بەسەر برد.
ئۆدێگارد لەگەڵ ئارسناڵ 20 یارییان لەپێشبڕكێ جۆراوجۆرەكان ئەنجام داوەو ئەو یاریزانە تەمەن 22 ساڵە دوو گۆڵی تۆماركردوەو دوو گۆڵیشی بۆ هاوڕێكانی درووستكردوە.

زۆرترین بینراو