مان یوونایتد بەندێكی نوێی بۆ كرستیانۆ زیادكرد

مان یوونایتد بەندێكی نوێی بۆ كرستیانۆ زیادكرد

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: یانەی مانچێستەر یوونایتدی ئینگلیزی، بەندێكی خستۆتە نێو گرێبەستی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پۆرتوگالی، كە بڕیارە دوو ساڵ یاری بۆ بكات.
یانەی مانچێستەر یوونایتد دوای 11 ساڵ دووركەوتنەوە، گرێبەستی لەگەڵ رۆناڵدۆ كردەوە، دوای ئەوەی توانی لەگەڵ یانەی یوڤانتوس رێكبكەوێت بۆ دەستبەرداربوون لە كریستیانۆ بەرامبەر بە 15 ملیۆن یۆرۆ لەگەڵ 8 ملیۆن یۆرۆ وەك پاداشت.
میدیای بەریتانیا، ئاشكرایكرد كە رۆناڵدۆ هەموو پشكنینە پزیشكییەكانی بە سەركەوتوویی تێپەڕاند و لەگەڵ بەرپرسانی یانە كۆنەكەی لەسەر هەموو وردەكارییەكان گەیشتۆتە رێككەوتن.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، یانە ئینگلیزییەكە بەندێكی لە گرێبەستەكەدا نووسیوە كە رێگە بە رۆناڵدۆ دەدات ماوەی ساڵێكی دیكەش گرێبەستەكەی نوێبكاتەوە، واتا دەتوانێت 3 ساڵ یاری بۆ یانەی شەیتانە سوورەكان بكات.
كارگێڕی مانچێستەر یوونایتد خەریكی تەواوكردنی هەموو رێكارە پێویستەكانە بۆ ئەوەی بتوانێ ناوی رۆناڵدۆ بەفەرمی لە لیستی یانەكەدا تۆماربكات، بەرلەوەی ماوەی مێركاتۆ كۆتایی پیبێت.
كریستیانۆ رۆناڵدۆ، ماوەی 6 ساڵ، لە 2003 تا 2009 یاری بە درێسی سووری مانچێستەرەوە كردووە، بەر لەوەی بەرامبەر 94 ملیۆن یۆرۆ بچێتە ریزەكانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی.
سەبارەت بە كاتی ئەنجامدانی یەكەم یاری بە درێسی مانچێستەر یونایتدەوە، ئۆلێ سۆلشایەری راهێنەری یانەكە، گووتی" هیوادارم رۆناڵدۆ بۆ یاری داهاتوومان بەرامبەر نیوكاسڵ ئامادەبێت و یاری بكات".

زۆرترین بینراو