دوو بۆ سێ‌ هەفتەی داهاتوو كارەكانی ئیدارەی سۆران تەواودەكرێن

دوو بۆ سێ‌ هەفتەی داهاتوو كارەكانی ئیدارەی سۆران تەواودەكرێن

زاری كرمانجی – هەولێر 
دوای ئەوەی لە كۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی ئەنجوومەنی وەزیران بە فەرمانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەریەكە لە قەزاكانی سۆران و زاخۆ كرانە ئیدارەی سەربەخۆ، لە دوای ئەم بڕیارە لیژنەیەكی تایبەت مەند پێكهاتووەو كارەكان زۆر بەخێرایی تەواو دەكەن.
كەنعان خەیلانی، سەرۆكی فراكسیۆنی زەرد لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە زاری كرمانجی راگەیاند" لەدوای دەرچوونی بڕیارەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ ئیدارەی سەربەخۆ، بۆهەردوو قەزاكانی سۆران و زاخۆ، راسپاردنی هەردوو وەزارەتی ناوخۆو دارایی بۆ جێ‌ بەجێكردنی كاروبارەكان ، لە ئێستا لیژنیەكی تایبەت مەند لە لایەن فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و  گشت وەزارەكانی تایبەت مەند پێكهاتووە، بۆئەوەی هەیكەلی ئیداری و كارگێڕی سۆران دابڕێژن و رێكارە یاسایەكان تەواو بكان لە ماوەیەكی زۆر كوورتدا، كاری لیژنەكە خێرایەو واچاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو كارەكانیان تەواو بكەن، گووتیشی " لایەنی كەم 4 بەڕێوەبەرایەتی گشتی لەسۆران دەكرێنەوە و فارمانگەكانیش دەكرێنە بەڕێوەبەرایەتی.
كەنعان خەیلانی گووتیشی" كارەكانی ئیدارەی سۆران گران نین و بەزووترین كات كارەكان ئەنجام دەدرێن، لەدوای تەوابوونی كارەكانی ئەو لیژنەیە،  راپۆرتی لیژنەكە دەچێتەوە ئەنجومەنی وەزیران، وا چاوەڕوان دەكرێت 2 بۆ 3 هەفتەی داهاتوو كارەكان تەواو بكرێن، بەڵام سۆران كە بووەتە ئیدارەی سەربەخۆ بەو مانایە نییە لە هەولێر داببڕێت، تەنها بۆئەوەیە رۆتینیات كەم ببێتەوەو ئەركی هاووڵاتییان ئاسان بكرێت بۆ راپەڕاندنی ئیش و كارەكانیان لەو سنوورە، دەنا ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر چاودێری ئیش و كارەكانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەكات، بۆناوی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران و بەڕێوەبەرە گشتییەکان هیچ ناوێکمان بەدەست نەگەیشتووە.
بە پێی زانیارییەكانی زاری كرمانجی چەند كەسێك هەوڵی بەدەستهێنانی ئەو پۆستە دەدەن و دەیانەوێت بۆیەكەم جار وەك سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران دەستبەكاربن.