لە ئۆڵمپیادی تۆكیۆ

لە ئۆڵمپیادی تۆكیۆ


زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: لە دوواین ركابەرییەكان و هەواڵەكانی ئۆڵمپیادی نۆكیۆ 2020
- لە ركابەرییەكانی جومناستیكی هەمەچەشنی پیاواندا، دایكی هاشیمۆتۆی یاریزانی ژاپۆنی توانی پلەی یەكەم و میدالیای زێڕی ئۆڵیمپیادی تۆكیۆ بباتەوە.
یاریزانی ژاپۆنی تەمەن 19 ساڵ، توانی بەسەر شیاو رۆتینگی چینیدا سەربكەوێت و میدالیای برۆنزیش بەر یاریزانی رووسی نیكیتا ناگۆرنی پاڵەوانی جیهان كەوت.
دایكی هاشیمۆتۆ زۆر بەباشی بۆشایی هاونیشتیمانییەكەی، كۆهی ئۆشیمۆرای براوەی میدالیای زێڕی هەردوو ئۆڵیمپیادی 2012 و 2016 پڕكردەوە، كە بەهۆی پێكانەوە نەیتوانی بەشداری لەم ئۆڵیمپیادەدا بكات.

 

 

 

هاشیمۆتۆ دوای بردنەوەی میدالیای زێڕ، دڵخۆشی خۆی بەو دەستكەوتە نیشاندا و گووتی" ئەو میدالیایە بەرهەمی 5 ساڵ كاركردن و تێكۆشانی بەردەواممە, ئەم میدالیا زێڕە دەكەمە ملی دایك و باوكم، زۆر سوپاسیان دەكەم كە بەردەوام پشتگیرییان كردووم"".
- هەڵبژاردەی لاتڤیا لە ركابەرییەكانی باسكەی سێ بەرامبەر سێ لەسەر ئاستی پیاوان، لە ئۆڵیمپیادی تۆكیۆدا، پلەی یەكەم و میدالیای زێڕی بەدەستهێنا.
هەڵبژاردەی لاتڤیا لە یاری كۆتاییدا رووبەڕووی هەڵبژاردەی رووسیا بووەوەو بە زەحمەت 21 - 18 لێی بردەوەو یاریزانەكانی میدالیای زێڕیان لە ملكرا.
بۆ جاری یەكەمە ئەم یارییە لە ئۆڵیمپیاددا ئەنجام بدرێت، كە پێشتر وەك یارییەكی ئۆڵیمپی نەناسرابوو، لە هیچ ئۆڵیمپیادێكدا ئەنجام نەدراوە.
هەڵبژاردەی سربیاش میدالیای برۆنزی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی لە یاری دیاریكردنی پلەی سێیەمدا، بە ئەنجامی 21 - 10 لە هەڵبژاردەی بەلجیكای بردەوە.
- كایلێب درێسێل، مەلەزانی ئەمریكی میدالیای زێڕی لە پێشبڕكێی 100 مەتری ئازاددا بەدەستهێنا، كە پێشبینی دەكرێت ببێتە پیاوی یەكەمی ئەم ئۆڵیمپیادە.
درێسێلی مەلەزانی ئەمریكی ریكۆردی ئۆڵیمپی لە پێشبڕكێی 100 مەتری ئازاددا شكاند و میدالیای زێڕی بەدەستهێنا.
 ئەو مەلەزانە تەمەن 24 ساڵیە، ماوەی پێشبڕكێیەكەی بە 47.02 بڕی، كە تەنیا 6 بەش لە سەدی چركە پێش كایل چالمەرزی مەلەزانی ئوسترالی كەوت، پلەی سێیەم و میدالیای برۆنزیش بووە بەشی كلیمێنت كۆلیسنیكۆڤی مەلەزانی رووسی.
درێسێل، بووە خاوەنی دووەم میدالیای زێڕ لە ئۆڵیمپیادی 2020 ی تۆكیۆ، دوای ئەوەی لە پێشبڕكێی 4 جار 100 مەتری ئازادیش پلەی یەكەم و میدالیای زێڕی بردەوە.
مەلەزانی ئەمریكی، كە پێشبینی دەكرێت ببێتە پیاوی یەكەمی ئەم ئۆڵیمپیادە، لەدوای بەدەستهینانی دووەم میدالیای زێڕ، بە گریانەوە گووتی" ساڵێكی زۆر زەحمەت بوو، بەڕاستی زەحمەت بوو، من زۆر دڵخۆشم".

 

 

 

درێسێل بەشداری لە پێشبڕكێی 50 مەتری ئازاد و 100 مەتر پەپوولە و چەندین پێشبڕكێی دیكەشدا دەكات، كە دەیەوێ 6 میدالیای زێڕ لەم ئۆڵیمپیادەدا بۆ ئەمریكا بباتەوە.
- لیۆن هایواردی گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی هۆكیی نیوزیلەندا، لەو بڕوایەدا نەبوو كە لە ئۆڵیمپیادی 2020ـی تۆكیۆدا دژی برا بچووكەكەی، جێریمی هایوارد یاری دەكات، بەڵام ئەوە روویدا.
لیۆنی تەمەن 31 ساڵ، كە لەگەڵ هەڵبژاردەی هۆكی نیوزیلەندا یاری دەكات، ناچاربوو بەرامبەر جێریمی برا تەمەن 28 ساڵییەكەی یاری بكات، كە ئەمەی دوایی یاری بۆ هەڵبژاردەی هۆكی ئوسترالیا دەكات.
یارییەكە بە سەركەوتنی هەڵبژاردەی ئوسترالیا بە ئەنجامی 4 - 2 كۆتاییهات، بەڵام ئەوەی زیاتر سەرنجڕاكێش بوو لەم یارییەدا ئەوەبوو كە هەردوو یاریزانی برا بە دوو درێسی جیاوازەوە لە كۆتایی یارییەكەدا چوونە لای یەكدی و لیۆن پیرۆزبایی لە جێریمی كرد.
لەدوای یارییەكە لیۆن گووتی" ئەمە بۆنەیەكی گەورەیە، من و جێریمی هەر لە منداڵییەوە ركابەری دەكەین، تەنانەت لە كریكێت و تۆپی پێ و هەر یارییەكی دیكەش".
هەردوو برا لە دایكێكی نیوزیلەندی و باوكێكی ئوسترالینە، لیۆن لە ساڵی 2019 كاروانی خۆی لەگەڵ هەڵبژاردەی نیوزیلەندا دەستپێكرد، بەڵام جێریمی پێیخۆش بوو یاری بۆ هەڵبژاردەی وڵاتی باوكی بكات.
لە یارییەكەدا ئەو دوو برایە هیچ بەریەككەوتنێك و رووبەڕووبوونەوەیەكی راستەوخۆیان نەبوو، جگە لە لێدانێكی بەهێز، كە جێریمی ئاراستەی گۆڵی لیۆنی كرد، بەڵام گۆڵپارێزەكە توانی بیگەڕێنێتەوە.
لیۆن لەو بارەیەوە گووتی" وابزانم جێریمی ئەمساڵ 4 گۆڵی لێكردووم، بۆیە زۆر باشبوو كە ئەمڕۆ نەمهێشت گۆڵم لێ تۆماربكات".
لە ئۆڵیمپیادی 2020ـی تۆكیۆدا، چەند چیرۆكێكی جوان و سەرنجڕاكێش هەن، كە پەیوەستن بە یاریزانانی نێو یەك خێزان، لەوانەش چیرۆكی دوو برا وەرزشوانەكەی سوریا، محەممەد و عەلا ماسۆ، كە خەڵكی شاری حەلەبی سوریان، هەردووكیان دەرفەتی ئەوەیان بۆ رەخسا بەشداری لە ئۆڵیمپیادی 2020 ی تۆكیۆدا بكەن، ئەوەش دەرفەتی بۆ رەخساندن دوای چەندین ساڵ دووری بەیەكدی شادببنەوە، بەڵام لەگەڵ دوو تیپی جیاواز و لەژێر دوو ئاڵای جیاوازدا، كە محەممەد وەك یاریزانی تریاسلۆن یاری بۆ تیپی سوریا و لەژێر ئاڵای ئەو وڵاتەدا دەكات، عەلاش لەگەڵ تیپی پەنابەران و لەژێر ئاڵای ئۆڵیمپیدا بەشداری لە ركابەرییەكانی مەلەوانیدا دەكات.
هەروەها چیرۆكی خوشك و برایەكی ژاپۆنیش لەم ئۆڵیمپیادەدا سەرنجڕاكێش بوو، كە هیفومی ئابێ و ئوتا ئابێی خوشكی، لە ركابەرییەكانی جودۆی پیاوان و خانماندا دوو میدالیای زێڕیان بۆ وڵاتەكەیان بەدەستهێنا، كاتێك هیفومی توانی لە كێشی 66 كیلۆگرامدا میدالیای زێڕ بەدەستبێنێت و دوای چەند كاتژمێرێك ئوتا ئابێی خوشكیشی لە هەمان یاری لەسەر ئاستی خانماندا، میدالیای زێڕی لە كێشی 52 كیلۆگرام بەدەستهێنا.

 

زۆرترین بینراو