لە ئۆڵمپیاد یەكەم مەدالیای زێڕی بۆ بەڕازیل و بەیانی دوا گەڕی تۆپی پێ قۆناغی یەكەمە

لە ئۆڵمپیاد یەكەم مەدالیای زێڕی بۆ بەڕازیل و بەیانی دوا گەڕی تۆپی پێ قۆناغی یەكەمە

زاری كرمانجی- ئاژانسییە هەواڵییە وەرزشییەكان: ئیتالۆ فێرێرا، میدالیایەكی زێڕی بۆ بەڕازیل بردەوە دوای ئەوەی لە یاری سواربوون بە سەر شەپۆڵەكانی دەریادا پلەی یەكەمی بردەوە.
فێرێرا لە یارییەكەدا سەركەوتنی بەرامبەر كانوا ئیگاراشی ژاپۆنی بەدەستهێنا و میدالیای زێڕی ركابەرییەكەی بردەوە، بەمەش یەكەم میدالیای زێڕی لە ئۆڵیمپیادی تۆكیۆدا بۆ وڵاتەكەی بردەوە، لەكاتێكدا وەرزشوانە هاووڵاتەكانی بەشێوەیەكی گشتی 4 میدالیای دیكەیان بردۆتەوە.
ئیگاراشی میدالیای زیو و ئوێن رایتی ئوسترالیش میدالیای برۆنزی بردەوە.
لە هەمان یارییدا و لەسەر ئاستی خانمان، كاریسا مۆری ئەمریكی، پلەی یەكەم و میدالیای زێڕی ركابەرییەكەی بردەوە.
بیانكا بویتێنداگی ئەفریقای باشوور میدالیای زیوی بردەوە، ئامورۆ تزسوكی ژاپۆنیش میدالیای برۆنزی بردەوە.
ئەمریكا تا ئێستا بەشێوەیەكی گشتی، 22 میدالیای بەدەستهێناوە، 9 میدالیای زێڕ 5 میدالیای زیو و 8 میدالیای برۆنز.
لە ركابەرییەكانی تۆپی پێدا كە هەڵبژاردەكان بۆ چوار كۆمەڵە دابەشكراون, هەڵبژاردەی ژاپۆن لە كۆمەڵەی یەكەمدا بە دوو بردنەوە گەیشتنی بۆ قۆناغی دووەم مسۆگەر كردووەو مەكسیك و فەڕەنسا ململانێی بلیتی دووەم دەكەن, لە كۆمەڵەی دووەم هەر چوار هەڵبژاردەكە (كۆریای باشوور, نیۆزیلەندا, هندۆڕاس و رۆمانیا) بە ئەنجامدانی دوو یاری سێ خاڵ و بردنەوەیەك و دۆڕانێكیان هەیەو هەموویان خاوەنی 3 خاڵن, ماوەتەوە دوا یاری گەڕی قۆناغی یەكەم كە بەیانی دوو هەڵبژاردە سەردەكەون و دووانیش ماڵئاوایی دەكەن, كۆمەڵەی سێیەم ئیسپانیا بە چوار خاڵ پێشەنگی گرتووەو ئوستراڵیاو ئەرجەنتین بە سێ خاڵ و بە جیاوازی گۆڵ لە پلەكانی دووەم و سێیەمن, هەڵبژاردەی میسریش بە تەنیا خاڵێك لە چوارەمی ریزبەند دێت, كۆمەڵەی چوارەمیش هەردوو هەڵبژاردەی بەڕأزیل و كواتدیڤوار بە كۆكردنەوەی چوار خال پلەی یەكەم و دووەمیان گرتووەو ئەڵمانیا سێ خاڵ و سعوودیەش هەردوو یاری دۆڕاندووەو ئومێدی سەركەوتنی نەماوە.
بەیانی چوارشەممە هەشت یاری لە دوا گەڕی قۆناغی یەكەم ئەنجام دەدرێن و سەركەوتووانی قۆناغی دووەم ئاشكرا دەكرێن.
(بەڕازیل و سعوودیە, ئەڵمانیا- كواتدیڤوار), (كۆریا- هندۆڕاس, رۆمانیا- نیۆزیلەندا), (ئیسپانیا- ئەرجەنتین, ئوستراڵیا- میسر), (ژاپۆن- فەڕەنسا, باشووری ئەفریقیا- مەكسیك).

زۆرترین بینراو