لە چۆمان زیاتر لە 80%ی كارتی دەنگدەران وەرگیراوەتەوە

لە چۆمان زیاتر لە 80%ی كارتی دەنگدەران وەرگیراوەتەوە

زاری كرمانجی-چۆمان:

دەریا سمكۆ، بەرپرسی بنكەی 1230ـی چۆمانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە دیدارێكی زاری كرمانجیدا تیشك دەخاتە سەر ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆن لە سنوورەكەیان و دەڵێت: بەراورد بە ناوچە و شوێنەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان، لە سنوورەكەمان رێژەیەكی زۆری خەڵكی كارتی دەنگدانیان وەرگرتۆتەوە و ئامادەكاری تەواومان كردووە بۆ رۆژی هەڵبژاردن.
دەریا سمكۆ، لە سەرەتای قسەكانی رایگەیاند" لە بنكەی كۆمسیۆنی چۆمان 1230 كە سنووری قەزای چۆمان و هەر سێ ناحیەكانی (حاجی ئۆمەران، گەڵاڵە، قەسرێ) دەگرێتەوە،  18 هەزار و 732 كەس مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا هەیە. لەم سنوورە، 8 بنكەی دەنگدان ئامادەكراون بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن كە لە رۆژی 10-10-2021 بڕیارە پڕۆسەكە ئەنجام بدرێت، جگە لەوەش بنكەیەكی دەنگدانیش تایبەت كراوە بۆ دەنگەری تایبەت كە هێزەكانی ناوخۆ و پێشمەرگە دەگرێتەوە، ئەوانیش لە رۆژی 8-10-2021 مافی دەنگدانیان هەیە".
سەبارەت بەو دەنگدەرانەی كە سەردانی بنكەی چۆمانیان كردووە بۆ وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدانی درێژخایەن، دەریا سمكۆ گووتی" نزیكەی 16 هەزار كەس كارتی دەنگدانیان وەرگرتۆتەوە  واتە زیاتر لە 80%ـی رێژەكە و هیچ گرفتێكیان نەماوە، ئەوانەیشی كە تا ئێستا كارتیان وەرنەگرتۆتەوە و كرداری تۆماركردنی بایۆمەتری بۆ هەڵبژاردنیان ئەنجام داوە، دەتوانن سەردانی بنكەكەمان بكەن و كارتی دەنگدانی خۆیان وەربگرنەوە،  لەكاتی وەرگرتنەوەی كارتەكەش پێویستە دەنگدەر كارتی كۆنی دەنگدان و بەڵگەنامەیەكی پێناسی خۆی وەك (ناسنامەی باری شارستانی، رەگەزنامەی عێراقی، كارتی نیشتیمانی) لەگەڵ خۆی بهێنیت، وە ئەو دەنگدەرانەی كە بۆ یەكەمجارە مافی دەنگدانیان دەبێت و لەدایكبووی ساڵی 2001 و 2002 و 2003ـن ئەگەر خۆیان تۆماركردبێت، تەنها پێویستیان بە بەڵگەنامەیەكی خۆیان دەبێـت بۆ وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدانی درێژخایەن، جگە لەوەش ئەو كەسانەی پێشتر كارتیان هەبووە، دەتوانن بە كارتی كۆن دەنگ بدەن".
سەبارەت بە ئامادەكارییەكان بۆ رۆژی هەڵبژاردن، ناوبراو دەڵێت" ئێستا ئێمە سەرقاڵی مەشق و راهێنانین بە كارمەندانی رۆژی هەڵبژاردن، لە سنووری بنكەكەمان 232 كارمەند مەشقیان پێدەكرێت تا رۆژی 24-9-2021 و لە 8 بنكەی دەنگدان ئەركەكانیان رادەپەڕێنن".
بەرپرسی بنكەی كۆمسیۆنی چۆمان، داوا لە هاووڵاتییانی سنوورەكەی دەكات: ئەو كەسانەی پێشتر خۆیان تۆمار كردووە و كاتی دەنگدانیان وەرنەگرتۆتەوە، پێویستە سەردانی بنكەكەمان بكەن بۆ وەرگرتنەوەی كارتی دەنگدان، چونكە كاتی كەم ماوە بۆ وەرگرتنەوەی كارتەكە، بۆ ئەوەی هیچ دەنگدەرێك بێبەش نەبێت لە مافی دەنگدان لە رۆژی هەڵبژاردن، رۆژانەش كارمەندانی بنكەكەمان لە كاتژمێر هەشتی بەیانی تاكو 3ـی دوای نیوەرۆ و هەموو رۆژەكانی هەفتە بە رۆژی هەینیش لە دەوامن بۆ خزمەتی دەنگدەرانی سنوورەكە و دەرگای بنكەكەمان كراوەتەوە.

زۆرترین بینراو