پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان ئەركی هەموومانە

پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان ئەركی هەموومانە

كاندیدی ژمارە ٢٥ی بازنەی یەكی سۆران، رایگەیاند، پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان ئەركی هەموومانە، لەگەڵ ئەوەی كار بۆ زیادكردنی پشكی هەرێم لە بەغدا دەكەین، پێداگری لەسەر جێبەجێكردنی مافە دەستوورییەكانی نەتەوەی كورد دەكەین".
سیپان عەزیز حەدو شێروانی، پسپۆڕی ئابوورییە، بە هەفتەنامەی زاری كرمانجی گووت:" ڕۆژانە دەچینە نێو هاووڵاتییانی سنووری بازنەی یەك، كە قەزاكانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەگرێتەوە، بەڵام پاش دەرچوونمان خزمەتەكانمان لە یەك بازنە و پارێزگا نامێنێتەوەو بەرفراوان دەبێت بۆ هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان".
كاندیدی ژمارە ٢٥ی پارتی لە بازنەی یەكی سۆران، دەشڵێ:" پارتی لەلایەن كەسێكی حەكیم و زانای وەك سەرۆك بارزانی رێبەرایەتی دەكرێت، خەبات و قوربانیدانی پارتی لە ٧٥ ساڵی ڕابردوو لە هزر و بیرەوەری خەڵكی كوردستانە، سیاسەتەكانی پارتی و بوونی سەرۆك بارزانی كارئاسانی زۆری بۆ ئێمەی كاندیدی پارتی كردووە تا خەڵك متمانەمان پێ بكات".
كاندیدەكەی پارتی، دەڵێت: " ئەگەر خەڵك متمانەی پێدام و دەنگی پێویستیم هێنا وەك شارەزایەكی بواری ئابووری هەموو هەوڵێكی خۆمان دەخەینەگەڕ بۆ بەدەست هێنانی مافە داراییەكانی هەرێم بە تایبەتی بودجە، چونكە ئەوە بۆتە كێشەیەكی گەورە بۆ خەڵك و پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا، هەوڵدەدەین زۆرترین بودجە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكەین، بۆ ئەوەی كێشە داراییەكانی خەڵك چارەسەر بكەین، بۆیە فۆكسێكی تایبەت دەخەمە سەر بودجە، هەروەها هەوڵ دەدەین ماددەی 140 جێبەجێ بكرێت و بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكان ئاسایی ببێتەوە، بۆ ئەوەش فشار دەخەینە سەر حكوومەتی عێراق، تا گرنگییەكی زۆر بەو ماددەیە بدات و لە كابینەی داهاتوودا جێبەجێ بكات و چی دیكە خەڵكی ئەو ناوچانە رووبەرووی كێشە و ئاڵۆزی نەبنەوە". 
سیپان عەزیز حەدو شێروانی، ئاشكراشی كرد:" پێویستە لە رۆژی دەنگدان هەوادارانی پارتی و خەڵكی دیكە دەنگ بە پارتی و كاندیدەكانی ئەو حزبە بدەن، لەبەر ئەوەی تا پێگەی پارتی لە بەغدا بەهێز بێت، كوردستان بەهێزتر دەبێت، هەموو كەسێكیش ئەوە باش دەزانێت، چونكە هەر كاتێك پارتی بەهێز بێت كێشەكان چارەسەر دەبن و كوردستان دەستكەوتی زیاتری دەبێت، بۆیە داواكارین متمانەمان پێ بدەن و ئەم جارەش بە دەنگدان متمانەی خۆتان بە پارتی دیموكراتی كوردستان ببەخشن بۆ ئەوەی وەك هەمیشە بە ڕۆحێكی نەتەوەییەوە ئەم نیشتمانە بپارێزین كە بەرهەمی خوێنی شەهیدانە و بەتوندی دژی هەموو ئەو هەوڵانە بوەستین كە دژی هەرێمی كوردستان دەگرنەبەر".